بیتکۆین رێژەی 5٪ـی بەهاکەی لەدەستدا

نرخی یەک بیتکۆین ئەمڕۆ (دووشەممە) بۆ کەمتر لە 82 هەزار دۆلار دابەزی.

ئازاری 10, 2025 - 10:14
بیتکۆین رێژەی 5٪ـی بەهاکەی لەدەستدا

 ناجێگیری و دابەزینی نرخی بیتکۆین دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی جێبەجێکاری دامەزراندنی یەدەکی ستراتژیی دراوە دیجیتاڵییەکانی راگەیاند.

بەتەنیا لە رۆژی دووشەممە دا نرخی یەک بیتکۆین بەڕێژەی 5٪ دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 81 هەزار و 700 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە لە دامەزراندنی یەدەکی ستراتیژیی دراوە دیجیتاڵییەکان، پشت بەو 200 هەزار بیتکۆینە دەبەستێت کە حکومەتی ئەمریکا بەهۆی بڕیارەکانی دادگاوە دەستی بەسەردا گرتوون و، نیازی کڕینی دراوی دیجیتاڵی زیاتری نییە.

 ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان. مات هۆگان، شارەزای دراوە دیجیتاڵییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی بیت وایس لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان بە هەڵە لە بیتکۆین تێگەیشتوون و دەبێت نرخی بیتکۆین بەرزببێتەوە." هۆگان دەڵێت، "ئێستا لە بازاڕ بێ هیوایی دروستبووە و ئەوەش کورتخایەنە."

بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، راستە دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی گوتوویانە بیتکۆین یان دراوی دیجیتاڵی زیاتر ناکڕن بۆ یەدەگی ستراتژی، بەڵام لە درێژخایەندا رەنگە وڵاتانی دیکەش هەنگاوی هاوشێوە بنێن، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتی بۆ نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان.

سەرچاوە: ڕووداو