سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووه‌وه‌

شوبات 16, 2025 - 13:18
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووه‌وه‌

هه‌ر لە به‌رده‌وامیی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، به‌یانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/2/16 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز د. تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئەڵمانیا و چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبه‌شیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا تاوتوێ کرد، هه‌روه‌ها سەبارەت بە دۆخی سووریا و لێکه‌وته‌کانی به‌تایبه‌تی و پێشهاتەکانی ناوچه‌که‌ به‌گشتی، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ سووریا و به‌شداری و هاوبه‌شیی ته‌واوی پێکهاته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و بنیاتنانی داهاتووی سووریادا. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ پاراستنی پێگه‌ و مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا کرده‌وه‌.