بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی سنووردار کرد
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە جێگیر بوو، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێناسی گومرگیی بەسەر هاوردەکردنی کاڵا لە ژاپۆن، کۆریای باشوور و چەند وڵاتێکی دیکەدا راگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهێزیی دۆلار و بەرزبوونەوەی داهاتی گەنجینەی ئەمریکا رێگرییان کرد لە بەرزبوونەوەی زیاتری کانزا زەردەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3 دۆلار دابەزی و بە سێ هەزار و 333 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 3 هەزار و 442 دۆلارە.
دوێنێ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ تاوەکو ئاستی 3300 دۆلاریش دابەزیبوو. لە هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنج هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەپێی فرۆشتنی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=692,000 دینار مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=660,000 دینار مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=565,000 دینار
رۆژی دووشەممە، ترەمپ دەستی بە ئاگادارکردنەوەی هاوبەشە بازرگانییەکانی کرد کە لە 1ـی ئابەوە پێناسی گومرگیی بەرزتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا گومرگ بە رێژەی 25% بەسەر کاڵاکانی ژاپۆن و کۆریای باشووردا دەسەپێندرێت.
تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای KCM Tradeدەڵێت: "دوایین نامەکانی ترەمپ لەبارەی پێناسە گومرگییەکان، زێڕیان وەک پەنایەکی ئارام لەبەرامبەر ناجێگیرییەکاندا لەبەرچاوی وەبەرهێنەران هێشتووەتەوە، بەڵام بەهێزیی دۆلاری و بەرزیی داهاتی بۆندەکان، توانای کانزاکە بۆ بەرزبوونەوەی خێرا سنووردار دەکەن."
داهاتی سەر بۆندە 10 ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە نزیک بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوو ماونەتەوە، لە کاتێکدا پێنوێنی دۆلار دوای گەیشتنی بە بەرزترین ئاستی هەفتەیەک، جێگیر بوو. بەرزبوونەوەی داهاتی بۆندەکان، تێچووی هەڵگرتنی زێڕ زیاد دەکات کە سوودی لەسەر نییە، هەروەها بەهێزبوونی دۆلاریش نرخی زێڕ بۆ هەڵگرانی دراوەکانی دیکە گرانتر دەکات.
واتەرەر ئاماژەی بەوەشکرد: "وا دیارە بازرگانان زۆر نیگەران نین بە نامەکانی ترەمپ و لە ئێستادا خواستی پەنابردنە بەر زێڕ سنووردارە، بۆیە کانزاکە چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بۆ ئەوەی بازدانێکی گەورە بکات."
چاوەڕوان دەکرێت سبەی چوارشەممە کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە، کە زانیاریی زیاتر لەبارەی سیاسەتی داهاتووی بانکەکە و رێژەی سوود ئاشکرا دەکات.
لەنێو کانزاکانی دیکەشدا، نرخی زیو جێگیرە و گەیشتە 36.78 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
سەرچاوە: ڕووداو