ئەمڕۆ لە کەرکووک پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کۆتایی دێت
لە پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی گەنم، تائێستاش زیاتر لە 435 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، هەوڵدەدەن یەک بۆ دوو رۆژی دیکە وادەکە درێژ بکەنەوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی حەسەن حەمدی محەممەد، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەمموزی 2025 لەگەڵ کۆتایی دەوام، دەرگای وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دادەخرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تائێستا زیاتر لە 435 هەزار تۆن گەنم لە هەر چوار سایلۆی کەرکووک وەرگیراوە".
لە 25ی مانگی رابردووەوە وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دەستیپێکرد.
رۆژانە 12 بۆ 13 هەزار تۆن گەنم لە رێگەی 350 بارهەڵگرەوە رادەستکراوە . عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، هەندێک جووتیار کێشەی وەرگرتنی گەنمەکانیان هەیە بەتایبەتی جووتیارانی کورد، هەوڵدەدەن چارەسەری بکەن و یەک بۆ دوو رۆژی دیکە وادەی وەرگرتنەکە درێژ بکرێتەوە.
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن؛ کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە.
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵ بوو بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
سەرچاوە: ڕووداو