واشنتن داوا لە بەغدا دەکات کێشەی کۆمپانیاکانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات

ئیدارەی ئەمریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات و، قەرزەکانیان بدەنەوە.

ئازاری 10, 2025 - 10:31
واشنتن داوا لە بەغدا دەکات کێشەی کۆمپانیاکانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات

مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. لە پۆستەکەدا هاتووە "راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، داوای لە حکومەتی عێراق کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەجێماوەکانی گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە."

بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ هەروەها داوای لە سوودانی کردووە، بەغدا "هاوئاهەنگیکارێکی بواری وەبەرهێنان دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات، کە دەیانەوێت لە عێراق کار و وەبەرهێنان بکەن." ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، عێراق هاندەدات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرابکات بۆ ئەوەی زێڕە رەشەکە بگاتەوە بازاڕەکانی جیهان، لە دابەزاندنی نرخدا یارمەتیدەر بێت و لە هەمان کاتیشدا عێراق پشتبەستن بە نەوتی ئێران کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی تاران چالاککردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوە ئابوورییەکانی لێ وشک بکات و بە گوتەی خۆی، نەهێڵێت ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی.

بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون. زۆرترین ناکۆکی لەسەر میکانزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان و گەرەتنیکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و پارەی داهاتوویانە.

 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە نوێنەرایەتیی 8 کۆمپانیای بیانیی نەوت دەکات، لە نەبوونی گەرەنتی و رێککەوتنی فەرمی لە بارەی پارە کۆمپانیاکانی نیگەرانە. هەروەها هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بە نایاساییدانانی گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی داهات، کێشەکانی ئاڵۆزترکردووە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی واڵتز و سوودانی رۆژێک دوای ئەوە هات؛ لێخۆشبوونی ئەمریکا لە سزای هاوردەکردنی کارەبای ئێران لە لایەن عێراقەوە کۆتاییهات. واڵتز جەختی لەسەر گرنگیی هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی سوودبەخش بۆ هەموو لایەک کردەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی بازرگانی.

 راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەبارەی بڕیاری نوێنەکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان لەسەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران بۆ عێراق رایگەیاند، ئەم بڕیارە لەگەڵ ستراتیجیی "ئەوپەڕی گوشاری"ـی سەرۆک ترەمپ بەرامبەر تاران دەگونجێت و گوشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبن، ئەگەر "ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتگیریی تیرۆریزم لە ناوچەکە، بە عێراقیشەوە."

 "هەروەها واڵتز پێشوازیی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق و هانی حکومەتی عێراقی دا کە پێشوازی لە کۆمپانیا رۆژئاواییەکان، بەتایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بکات بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی نەوت و گازی عێراق." درەنگانی شەوی یەکشەممە، لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە گفتوگۆی نێوان سوودانی و مایکڵ واڵتز، جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و ئاسایش کردەوە، "

سەرۆکوەزیران پابەندبوونی عێراقی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز کردەوە کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، هەروەها باسی چارەسەرکردنی پرسەکان و رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان کرد کە لەم بوارەدا کار دەکەن، "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەی نوێدا کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لە خێراکردنی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەربڕی."

 واڵتز جەختی لە کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران کردەوە، "پەیوەندی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەوە هەیە"، کە گرنگیی هەماهەنگیی دوولایەنە بۆ خۆلادان لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی پێشبینیکراو لەسەر سەقامگیری عێراق دووپات دەکاتەوە. 8ـی ئادارى 2025، ئەو مۆڵەتە 120 رۆژییە کۆتاییهات کە ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بۆ عێراقى دانابوو بۆ هاوردەکردنى گاز لە ئێرانەوە بۆ خستنەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.

 بەڵام سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، باڵیۆزى ئەمریکا پێى راگەیاندوون، "تاوەکو ئێستا هەناردەکردنى گاز لە دەرەوەى سزاکانى وڵاتەکەیەتى." ئەو لێدوانەى عەتوان عەتوانى، لە راگەیێنراوێکى لیژنەکەدا بوو، لە دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ دانیاڵ رۆبنسن، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق و شاندێکى ئەو باڵیۆزخانەیە کە یەکشەممە 9ـی ئادارى 2025 لە بەغدا کرا. عێراق 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەهۆى راگرتنى هاوردەکردنى گازى ئێران 10 هەزار مێگاوات کارەباى لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە وەرزى گەرمادا عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەو پێیە بەبێ هاوردەکردنى گاز، نیوەى کارەباى پێویست بەرهەمدەهێنێت.

 سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق داواى لەو بەرپرسەى ئەمریکا کردووە، پێداچوونەوە بەو گوشارانە بکات کە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لەسەر کەرتى دارایی و بانکی عێراق دروستکردووە لە رێگەى "سزادانى یەک لەدواى یەکى بانکەکان".

 عەتوان عەتوانى گوتوویەتى، "عێراق گۆڕانکاریى جۆرى لە پابەندبوون و حەواڵە داراییەکان کردووە، بەڵام تووشى شۆک دەبین بە سزاى بەکۆمەڵى دژ بە بانکە عێراقییەکان بەبێ پاساو و ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت، تەنانەت بەبێ ئاگادارکردنەوەى بانکى ناوەندی، ئەوەش کێشەیەکى گەورەى بۆ دروست کردووین و کاریگەریی لەسەر کار و چالاکیی کەرتى بانکى هەیە."

سەرچاوە: ڕووداو