پزیشکیان: ئێران هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نەداوە
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ئێران بە پشتبەستن بە فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتە، هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نەداوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونەش بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم."

رۆژی یەکشەممە 9ی ئاداری 2025 نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان لەگەڵ یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج بە تەلەفۆن قسەی کردووە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بە یۆناس گار ستۆرەی راگەیاندووە، "بەپێی فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا؛ ئێران هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونەش هەمیشە هاوکار بووە و بەردەوامیش دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم."
پزیشکیان هەروەها روونیکردووەتەوە، ئێران لە دژی نائارامی و ململانێیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، "هەر گرژی و نائارامی و ململانێیەک بە زیان بۆ خۆمان، ناوچەکە و جیهان دەزانین، سیاسەتی سەرەکیمان لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی یەکڕیزییە لە ناوچەکەدا؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵنیاییەوە بە تووندی و بە هێزەوە رووبەڕووی هەر مەترسییەک دەبینەوە کە بکرێتە سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان."
نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکوەزیرانی نەرویج پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە دەربڕیوە؛ جەختی لەوە کردووەتەوە، نەرویج بۆ ئەم مەبەستە و هاریکاری لەو بوارەدا، ئامادەیە ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانی جێبەجێی بکات.
سەرچاوە: ڕووداو