لە لازقییە شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار و سەربازانی سووریا روویدا؛ 19 کەس کوژراون

لە سنووری پارێزگای لازقییەی سووریا، شەڕ لە نێوان گرووپێکی چەکدار کە دەگوترێت سەربازانی پێشووی سوپای ئەسەد بوون، لەگەڵ سەربازانی ئێستا وەزارەتی بەرگریی سووریا روویدا. بەهۆیەوە 19 کەس کوژران؛ 16 سەرباز و سێ چەکدار.

ئازاری 7, 2025 - 02:45
لە لازقییە شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار و سەربازانی سووریا روویدا؛ 19 کەس کوژراون

رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 16 کەس لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی و کەسانی وەزارەتی بەرگری، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای ئیدلب بوون، لە هێرش و بۆسەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە لایەنە هەرێمییەکان لە گوندەکانی جەبلە و لازقیە لە چەند کاتژمێری رابردوودا کوژران.

 رامی عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەمە خوێناویترین و تووندترین هێرشە بۆ سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو. هەواڵەکان باس لە بوونی کوژراوی دیکە و بێسەروشوێن دەکەن، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێکدادانەکان لە گوندەکانی جەبلە." دوای رووداوەکان، لە پارێزگای حومس قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.

 ئاسایشی پارێزگای حومس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی رێنمایی ئەمنی و پێوەرە پێویستەکان بۆ دابینکردنی سەلامەتیی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لە شاری حمس رادەگەیەنێت، قەدەخەکردنی هاتووچۆی گشتی دەسەپێنێت.

 قەدەخەکە لە کاژێر 10:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، تاوەکو کاژێر 8:00ی بەیانی سبەی هەینی دەبێت. بەپێی راگەیێندراوێکی روانگەی سووری، لانیکەم سێ کەس لە گرووپە چەکدارەکان لە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

بەپێی روانگەی سووری، "لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان، هەندێکیان چەکدار، لە گۆڕەپانەکانی شاری ئیدلب کۆبوونەوە بۆ پشتگیریکردنی سەرکردایەتی سەربازی کە شەڕ دژی چەکدارانی پشتگیریکراو لە لایەن لایەنێکی هەرێمی لە گوندەکانی لازقیە دەکەن." دوای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکە، بانگەوازی "جیهاد" لە مزگەوتەکان دەکرێت دژی چەکداران لە ناوچەکە.

 روانگەی سووری دەڵێت، هاوکات گوندەکانی حەرف ئەلساری، بەعبدە، دوێر بەعبدە، دالیە، وادی ئەلقەلع و بێت عانا رووبەڕووی تۆپباران و هێرشی مووشەکی بوونەوە کە "سەرچاوەکەی کۆلێژی دەریاییە کە بنکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تێدایە".

 ئاماژە بەوەش دەکات، هێلیکۆپتەرەکان گوندی بێت عانا-یان کردووەتە ئامانج و بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە ناحیەی دالیە لە سنووری جەبلە لە پارێزگای لازقیە و گوندی بێت عانا کە سەر بەوە کراوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە رووبەڕووبوونەتەوە.

هەڵمەتەکە دوای ئەوە هات کە گروپێکی چەکداری خۆجێیی هێرشیان کردە سەر کاروانێکی سەر بە ئاسایشی ناوخۆ لە گوندی بێت عانا، لە کاتێکدا دەنگی تەقینی سێ گولـلە تۆپ لە دەوروبەری ناوچەکە بیسترا، هەروەها تۆڕی پەیوەندییەکان بڕا.

دوای رووداوەکە، کاروانێکی سەربازی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چوونەتە ناوچەکە، کە نزیکەی 20 ئۆتۆمبێل بوون، هەندێکیان بە دۆشکە و زرێپۆش بوون. روانگەی سووری دەڵێت: "هێزی زیاتر بەڕێوەن بۆ ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ ئامانجگرتنی داواکراوان".

سەرچاوە: ڕووداو