باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: گرنگە هەمووان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلیی تورکیا (مەهەپە) لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، گرنگە لە پرۆسەی چارەسەریدا هەمووان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.

ئازاری 7, 2025 - 23:09
باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: گرنگە هەمووان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن

ئەمشەو 7ی ئاداری 2025 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد ئەنجامدا، پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی کرد.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناوەندی راگەیاندنی فەرمیی مەهەپە راگەیێندراوی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دەوڵەت باخچەلی و سەزگین تانریکوڵو بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام تانریکوڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

 سەزگین تانریکوڵو لە پۆستێکدا رایگەیاند، "بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنجام دام. سەرەتا پرسیاری تەندروستیی بەڕێزیانم کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەم بۆ خواست. پێکەوە گفتوگۆمان لەبارەی ئەم پرۆسە گرنگە کرد، کە پێیدا تێدەپەڕین. بەڕێزیان جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە لەم پرۆسەیەدا هەمووان رۆڵ و بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن."

 تانریکولو ئەوەشی راگەیاند، "پێکەوە تیشکمان خستە سەر پێشهاتەکان و ئەو قۆناخانەی لە پرۆسەکەدا هەنگاویان بۆ نراون. بە بەڕێزیانم راگەیاند، بە نیازی دیدار لە رۆژانی جوانتر و باشتردا."

لە رۆژانی رابردوودا دەوڵەت باخچەلی بە تەلەفۆن گفتوگۆی پرسەکەی لەگەڵ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە؛ ئەحمەد تورک، سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی کردووە.

 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرسی کورد نرا، داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات.

 شاندی دەم پارتی تائێستا سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە، لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە. رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە پەیامێکی بە شاندی دەم پارتی دا ناردە دەرەوەی زیندان و ئەوانیش لە 27ی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داوای کرد، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو