ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لازقیە و بانیاسی سووریا کۆتاییان هاتووە

لە شارەکانی لازقیە و جەبلە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا شەڕ و پێکدادانی سەخت روویدا.

ئازاری 7, 2025 - 23:13
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لازقیە و بانیاسی سووریا کۆتاییان هاتووە

هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا دەڵێن، ئەوان هێرش ناکەنە سەر هیچ پێکهاتەیەک و گرووپە چەکدارەکان کە هێرش دەکەن پاشماوەی رژێمی پێشوون.

ئەندامێکی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەڵێت، "ئێمە لێرە دەڵێین، ئەم شەڕە لەنێوان سەربازانی سووریا و پاشماوەکانی رژێمی پێشوودایە، دژی پێکهاتە و ئایینەکان نین، ئەوان کار و هەماهەنگییان دەکرد بە سەرکردایەتیی سەربازانی فیرقەی چوارەم و پاسەوانی کۆماری هەڵاتوو، ئەوان تاوەکو ئێستا باوەڕ ناکەن ئێمە سوپایەکی پسپۆڕ و دامەزراوەیین."

 بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی رووداو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە شاری لازقیە و بانیاس کۆتاییان هاتووە، ئێستا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەدوای ئەندامە چەکدارەکاندا دەگەڕێن لەناو ماڵاندا، بڕیارە دواتر رووبکەنە شاری جەبلە و هەموو شارەکانی کەناراوی سووریا.

 ئەندامێکی دیکەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا گوتی، "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کەوتنە دوای پاشماوەکانی رژێمی پێشوو ئەمڕۆ بەیانی، سوپاس بۆ خودا ئارامی هێدی هێدی دەگەڕێتەوە، ئێمە دەکەوینە دوای پاشماوەکانی رژێمی پێشوو، تاوەکو ئارامی و ئاشتی بگەڕێتەوە هەموو کەنارەکانی سووریا."

 بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی شەڕەکەدا نزیکەی 70 کەس لە هەردوولا کوژراون و دەیان کەسیش بریندارن. بۆ سەپاندنی ئاسایش، قەدەخەی هاتووچۆ لە لازقیە و تەرتووس شەوی رابردوو راگەیێندرا.

 هێزەکانی ئاسایشی سووریا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. خەڵکی سڤیلیش دەڵێن، ئەوان لە شەڕ ماندوون و دەبێت سووریای نوێ بە ئارامی و بێ قوربانی دروست بکرێتەوە.