بانکی جیهانی: ئاوەدانکردنەوەی لوبنان پێویستی بە 11 ملیار دۆلارە

راپۆرتێکی بانکی جیهانی دەڵێت، ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لە دوای جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، پێویستی بە یازدە ملیار دۆلاری ئەمریکییە.

ئازاری 7, 2025 - 23:15
بانکی جیهانی: ئاوەدانکردنەوەی لوبنان پێویستی بە 11 ملیار دۆلارە

بانکی جیهانی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو زیانانە کردووە کە هەشتی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ی دیسێمبەری 2024 بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە بەر لوبنان کەوتوون و ئەمڕۆ هەینی ئەنجامەکەی بە راپۆرت بڵاوکردەوە.

 لەو 11 ملیار دۆلارەی لوبنان پێویستی پێیەتی، راپۆرتەکە مەزەندە دەکات سێ بۆ پێنج ملیار دۆلار لە لایەن کەرتی حکومەتەوە تەرخانبکرێت، لە نێویدا یەک ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وزە، خزمەتگوزارییەکان، گواستنەوە، ئاو، ئاودێری و ئاوەڕۆ. هەروەها کەرتی تایبەت پێویستە شەش بۆ هەشت ملیار دۆلار خەرجبکات، بە تایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیاری.

هەڵسەنگاندنی بانکی جیهانی پیشانیدەدات، شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا 14 ملیار دۆلار زیانی بە لوبنان گەیاندووە. ئەو زیانەی بەر ژێرخان کەوتووە بە 6.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. 6.8 ملیار دۆلاری دیکەش زیان بەر ئابووری کەوتووە کە خۆی لە کەمبوونەوەی بەرهەم، بەفێرۆچوونی داهات و تێچووی کارپێکردن دەبینێتەوە.

 کەرتی نیشتەجێبوون زۆرترین زیانی بەرکەوتووە کە بە 4.6 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. کەرتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیاریش زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە کە بە 3.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

زۆرترین زیانیش لە ناوچەکانی پارێزگەکانی باشوور کەوتووە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، کۆی بەرهەمی نێوخۆی لوبنان لە ئەنجامی ململانێیەکە لە ساڵی 2024ـدا 7.1٪ کەمبووەتەوە، کە ئەوە بە گورزێکی گەورە بۆ ئابووریی لوبنان دادەنرێت، چونکە پێشبینی دەکرا ئەگەر شەڕ نەبوایە، بەرهەمەکە 0.9٪ زیادبووایە.

سەرچاوە: ڕووداو