ئەحمەد شەرع: پاشماوەکانی رژێم هەوڵی ئاژاوەگێڕيیەکی نوێ دەدەن

سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "لیژنەیەکی باڵا "بۆ گوێگرتن لە خەڵکی ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی پێکدێنێت و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە، ئازاری خەڵکیان داوە و سنووری دەسەلاتی دەوڵەتیان بەزاندووە یان دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە.

ئازاری 10, 2025 - 00:20
ئەحمەد شەرع: پاشماوەکانی رژێم هەوڵی ئاژاوەگێڕيیەکی نوێ دەدەن

ئەحمەد شەرع هۆشداریشی دا کە وڵاتەکەی لەبەردەم "مەترسییەکی نوێدایە،" بە گوتەی خۆی، پاشماوەی دەسەڵاتی ئەسەد و ئەو "لایەنە دەرەکییانەی پشتیان دەگرن" دەیانەوێت ئاژاوەیەکی نوێ بنێنەوە و وڵاتەکەی بەرەو شەڕی نێوخۆ ببەن.

 پەیامەکەی شەرع دوای ئەوە هات کە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی و چەکدارانی لایەنگری بەشار ئەسەد لە پارێزگەکانی تەرتووس و لازقیە کە مەڵبەندی پێکهاتەی عەلەوین، نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی شەرع تۆمەتبارکران بە کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی سڤیلی عەلەوی. بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕەکە کە خوێناویترینی دوای رووخانی ئەسەدە، رۆژی پێنجشەممە دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعیان خستنە بۆسەوە و ژمارەیەکیان لێ کوشتن.

شەرع گوتی: "ئێمە بە تەواوی دەزانین ئەو هەڕەشانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تەنیا هەڕەشەی سەرپێیی نین، بەڵکو ئەنجامی راستەوخۆی هەوڵە هەلپەرستانەکانی ئەو هێزانەن کە دەیانەوێت بەردەوامی بە ئاژاوە بدەن و ئەوەی لە نیشتمانە خۆشەویستەکەمان ماوە وێرانی بکەن".

شەرع ئاماژەی بەوە کرد ، "ئەمە یەکەمجار نییە، چونکە مانگ و نیوێک لەمەوبەر هاوشێوەی ئەمە روویدا و بە پشتیوانی خوا" رێگرییان لێکرد. پێکدادانەکان گۆڕدران بۆ شەڕی تۆڵەسەندنەوە، کاتێک هەزاران پشتیوانکاری حکومەتی نوێی سووریا چەکیان هەڵگرت و بەرەو شارە کەنارییەکان رۆشتن بۆ ئەوەی پشتگیری هێزە گەمارۆدراوەکانی حکومەت بکەن. روانگەی سووری دەڵێت، لە 72 کاژێردا، هەزار و 311 کەس کوژراون، لە نێویاندا 231 ئەندامی هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا، 250 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 830 کەسی سڤیل.

سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "رژێمی رووخاو لە ماوەی دەسەڵاتیدا برینی قووڵی بەجێهێشت، زیندانەکانی فەلەستین و سیدنایا، دەزگا ئەمنییەکان، دەستدرێژی، چەکی کیمیایی، راگواستن و رووخاندنی خانووەکان بەسەر دانیشتووانەکەیاندا، هەموو ئەمانە برینێکیان بەجێهێشت کە زۆر بە زەحمەت چاک دەبێتەوە".

هەروەها باسی لەوە کرد، لە سەرەتاوە هێزە ئەمنییەکانیان "بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رێگرتن لە روودانی تۆڵەسەندنەوە،" ناردووەتە ئەو شوێنانە کە بە مەڵبەندی عەلەوییەکان، هۆزەکەی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرێن، بەڵام دەڵێت، "ئەو هێزانە پەلاماردران و چەندینیان کوژران و سووتێنران و خەڵکی ناوچەکەش پەلاماردران." شەرع جەختی کردەوە: "ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان کردووە هەمان ئەو کەسانەن کە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا تاوانیان لە دژی گەلی سووریا کردووە".

سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا هەروەها بەڵێنیدا کە "بەبێ هیچ دوودڵییەک، هەر کەسێک دەستی لە خوێنی هاووڵاتیان سوور بێت یان ئازاری خەڵکەکەمانی دابێت و ئەو کەسانەی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەزاندووە یان دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە، سزا دەدەین. هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نابێت و هەر کەسێک دەستی بە خوێنی سوورییەکان سوور بووبێت، زوو یان درەنگ بەرەوڕووی دادپەروەری دەبێتەوە."

 گوتیشی: "ئێمە هەر داواکارییەک یان بانگەشەیەک کە هەوڵی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەمان دەدات، یان بانگەوازی فیتنە بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی سووریای خۆشەویست دەکات، ئیدانە دەکەین. لە نێوانماندا ئەم جۆرە داواکارییانە شوێنیان نابێتەوە. سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە ورەی گەلەکەی و هێزی سوپاکەی یەکگرتوو دەمێنێتەوە و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین کە یەکگرتوویی نیشتمانی تێکبدات یان ئاشتی نێوخۆی لەنێوببات."

سەرچاوە: ڕووداو