وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا خەرجیی بەرگرییان زیاد دەکەن
ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازێکی 800 ملیار یۆرۆیی بۆ هەر 27 وڵاتەکەی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ خۆی بردووەتە برۆکسل.

ڤۆن دێر لاین دەڵێت: "رووبەڕووی مەترسییەکی هەنووکەیی و روون بووینەتەوە، هەربۆیە پێویستە ئەورووپا بتوانێت خۆی بپارێزێت و بەرگری لەخۆی بکات. پێویستە ئێمە ئۆکراینا بخەینە پێگەیەک کە بتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات. هەروەها گوشار بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە بکەین. ئێمە هێزێکی ئاشتییانەمان دەوێت. هەربۆیە ئەمڕۆ پلانی پڕچەککردنەوەی ئەورووپام بۆ سەرکردەکان خستەڕوو."
لەبارەی پلانەکەوە، ڤۆن دێر لاین دەڵێت: "پلانی پڕچەککردنەوەی ئەورووپا خۆی لە 800 ملیار یۆرۆ لە وەبەرهێنانی بەرگری دەبینێتەوە. پلانەکە دەرفەتی دارایی دەداتە وڵاتانی ئەندام وەبەرهێنان لە بەرگری بکەن؛ هەروەها ئەو ئەگەرە دەداتە ئەندامەکان وەبەرهێنان لە پیشەسازیی بەرگریی ئۆکراینا بکەن، یانیش کەلوپەلی سەربازی بکڕن کە یەکسەر بچێتە ئۆکراینا."
سەرۆکی ئۆکراینا لەنێوان دوو بەرداشی ئەمریکا و رووسیا دا ماوە و سەردانی برۆکسلی کردووە. سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا وەکو ئەوەی بیانەوێت پەیامنێک بە دۆست و دووژمنەکانیان بگەیێنن، باوەشیان ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کردووەتەوە. دڵتەنگی و دڵەڕاوکێ لە سیمای زیلینسکی دەبارێت. هەوڵدەدات هەستەکانی کۆنترۆڵ بکات و سوپاسی ئەورووپییەکان دەکات.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئوکراینا دەڵێت: "ئێمە زۆر سوپاسگوزارین کە بەتەنیا نین، ئەمە تەنیا قسە نییە، بەڵکو هەستی پێدەکەین. ئەمە زۆر گرنگە، ئێوە ئاماژەیەکی بەهێزتان بۆ گەلی ئۆکراینا، جەنگاوەرانی ئۆکراینا، سڤیلەکانی ئۆکراینا و هەموو خێزانەکانمان نارد. هەستێکی نایابە کە بە تەنیا نین، هەستی پێدەکەین و دەیزانین. زۆر سوپاس بۆ هەموو شتێک."
لەبارەی دەرفەتی ئاگربەست و رێککەوتنی کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراینا، رووداو لە راوێژکاری ئەڵمانیا دەپرسێت، هێشتا پێتانوایە ئاشتی دوورە یانیش گەیشتن بە ئاگربەست کاتی زیاتری دەوێت؟ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە وەڵامدا دەڵێت: " زۆر گرنگە کە ئێمە دڵنیا ببین لەوەی کە ئۆکراینا ناچار نەبێت ئاشتیێکی بە فەرمان پێدراو پەسند بکات بەڵکو ئاشتیێکی دادپەروەر بێت کە سەروەری و سەربەخۆیی مسۆگەر [بۆ ئۆکراینا] دەکات.
بۆیەش پێشنیازی کۆنکرێتی هەن کە لە سەرەتا دا چەک لە ئاسمان و دەریاکاندا بێدەنگ بکرێن و ژێرخانی وزە مەترسی لەسەر دروست نەکرێت و دەرچەیەک دروست بکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و گەڕاندنەوەی کەسانی بە بارمتە گیراو."
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپاش دەیەوێت ئۆکراینا بەهێز بێت، بەڵام چۆن؟ جارێ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسە. کایا کالاس دەڵێت: "هەموو لایەک ئاشتی دەوێت، ئەمە زۆر روونە؛ بەڵام ئەو ئاشتییە دەبێت بەجۆرێک بێت کە ماڵوێرانی دیکەی بۆ خەڵکی ئۆکراینا و ئەورووپییەکانیش بەدواوە نەبێت. بۆیە ئێمە گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی بەرگریی خۆمان و زیادکردنی پاڵپشتییەکان بۆ ئۆکراینا دەکەین بۆ ئەوەی ئۆکرایناییەکان بتوانن جەنگەکە بە مەرجەکانی خۆیان [لە بەرژەوەندیی خۆیان] کۆتایی پێبهێنن."
دوو دڵی و پرسە بێ وەڵامەکان بە رووخساری هەموو سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە دیارن. ئەو پرسانەی کە تەنیا ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەتوانێت وەڵامیان بداتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو