شی جینپینگ بۆ پووتین: چین دڵخۆشە بە گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ شی جینپینگی هاوتا چینییەکەی باسیان لە گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن لەبارەی جەنگی ئۆکراینا کردووە.

کرێملین رایگەیاند، پووتین، شی لە "ئەنجامە سەرەکییەکانی گفتوگۆی رۆژی 6ی ئابی خۆی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا" ئاگادار کردەوە.
بەگوێرەی کرێملین، شی پشتیوانیی خۆی بۆ "چارەسەرێکی درێژخایەن" بۆ جەنگی ئۆکراینا دووپات کردەوە.
هاوکات میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، شی بە پووتینی راگەیاندووە کە پەکین دڵخۆشە بەوەی مۆسکۆ و واشنتن پەیوەندییەکانیان باش دەکەن لەپێناو چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگی ئۆکراینا.
میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، شی جینپینگ گوتوویەتی، پەکین لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوامە لەوەی کە دانوستاندنی ئاشتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ جەنگەکە پێویستە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین بڵاویکردەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەسەر داوای پووتین بووە.
پەیوەندییەکە دوای ئەوە دێت کە کرێملین رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، پووتین لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە ئێستا لە چوارەمین ساڵیدایە.
ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەم، هەڵوێستێکی ئاشتیخوازانەتری بەرامبەر رووسیا گرتووەتەبەر، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە پووتین دەربڕیوە بەهۆی نەبوونی پێشکەوتن بەرەو ئاشتی و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی کردووە بەسەر ئەو وڵاتانە، لەنێویاندا چین کە نەوتی رووسیا دەکڕن.
رۆژی چوارشەممە ترەمپ رایگەیاند، رەنگە باجی زیاتر بەسەر چیندا بسەپێنێت، هاوشێوەی ئەو پێناسە گومرگییە 25%یەی پێشتر لە بەرامبەر کڕینی نەوتی رووسیا بەسەر هیندستاندا سەپاندبووی.
لە وەڵامی ئەو قسانەی ترەمپدا، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی هەینی رایگەیاند، هاوکاریی بازرگانی و وزەی چین لەگەڵ رووسیا "دادپەروەرانە و یاساییە."
گۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی چینەوە بڵاوکرایەوە، گوتی، "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکاری گونجاو بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی وزە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان."
پەیوەندییەکەی رۆژی هەینی لەنێوان شی و پووتین، دووەم پەیوەندییان بوو لە کەمتر لە دوو مانگدا.
لەدوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022 کە بووەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ رۆژئاوا، مۆسکۆ و پەکین پێکەوەکارکردنی ئابووری، بازرگانی و ئەمنییان زیاتر کردووە.
بڕیارە پووتین لە مانگی ئەیلوولدا سەردانی چین بکات بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی 80ـەمین ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان.
سەرچاوە: ڕووداو