جێبەجێکردنى 'گەورەترین' پڕۆژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر لە عێراق دەستیپێکرد

جێبەجێکردنى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆرەوە لە بەسرە دەستیپێکرد. بە گوتەى وەزارەتى کارەبا گەورەترین دەبێت لە عێراق و هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

ئازاری 6, 2025 - 23:53
جێبەجێکردنى 'گەورەترین' پڕۆژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆر لە عێراق دەستیپێکرد

پڕۆژەکە بە ناوى (خۆرى بەسرە)یە، لەلایەن کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسییەوە جێبەجێ دەکرێت. وەزارەتى کارەباى عێراق راگەیێنراوێکدا دەستکردن بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکەى راگەیاندووە و بە "گەورەترین" پڕۆژەى بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە رێگەى وزەى خۆر ناوى بردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ى ئادارى 2025، ئەحەمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە نێوان وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجى واژۆ کراوە وەک پڕۆژەیەکى وەبەرهێنان لە چوارچێوەى گەڕى پێنجەمى گرێبەستەکان بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا."

 پڕۆژەکە لەسەر رووبەرى نۆ هەزار دۆنم دەبێت لە بیابانى بەسرە و تواناى بەرهەمهێنانى هەزار مێگاوات کارەباى دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند: "پڕۆژەکە بە چوار قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، بۆ هەر قۆناخێکى 250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بڕیارە قۆناخى یەکەمى پڕۆژەکە کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بێت و بەتێکڕا جێبەجێکردنى هەر چوار قۆناخى پڕۆژەکە دوو ساڵ دەخایێنێت."

 عێراق ئێستا 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر هاردەکردنەوەى گاز لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا دەستپێبکاتەوە، بڕى بەرهەمهێنان دەگەیێنێتە 27 هەزار مێگاوات، لەکاتێکدا لە ئەوپەڕى پێویستیدا لە وەزرى گەرما پێویستى بە 32 بۆ 35 هەزار مێگاواتە.

سەرچاوە: ڕووداو