لە حکوومەت و پەرلەمان بینووسنەوە

ئازاری 6, 2025 - 19:24
لە حکوومەت و پەرلەمان بینووسنەوە

ھەولێر-pressin- دەگوترێت "فیدڕاڵیەت ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لە جیاوازیدا یەکگرتوو بیت"، دوای بیست ساڵ لە حوکمڕانی عێراق پێویستە ئەم گوتەیە لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆشکی کۆمار، پەرلەمان و حکوومەت، ئەنجوومەنی دادوەری بنووسرێ، چونکە لە دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، عێراق لەسەر لێواری دوو ئەگەردایە: هەم سەرکەوتن و هەم شکست!! بەڵام سێ ڕێگا هەن ئەگەر پەنایان بۆ ببرێت، لە عێراق دەرگای سەرکەوتن دەکرێتەوە: یەکەم: فیدڕاڵیەت ماندێلا دەیگوت "هەموو شەڕە ناوخۆییەکان بە دانوستان کۆتاییان دێت، نەک بە سەرکەوتنی سەربازی"، لە عێراقدا ئەو مۆدێلەی کە لە دوای جەنگ نووسرایەوە، فیدڕاڵی بوو، بەو پێوەرەی کە عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ببێتە نموونەیەکی فیدڕاڵی وەک ئەڵمانیا، سویسرا و کەنەدا، بەڵام دوای بیست ساڵ ئەم مۆدێلە تەنیا لەسەر کاغەز هەیە، راستە وەک تیۆری چووەتە نێو زاکیرەی میللەت، بەڵام هێشتا لە ئەرزی واقیعدا کارا نییە. کۆفی عەنان، سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان باوەڕی وابوو کە "فیدڕاڵیەت ڕێگایەکە بۆ یەکگرتن لە فرەییدا، نەک دابەشبوون لە تەنیاییدا". ترسی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراق لە فیدڕاڵیەت بریتییە لە لەدەستدانی هێز، بۆیە هێشتا لێکدانەوەی هەڵە بۆ فیدڕاڵیەت هەیە، سەرباری هۆکاری ئیقلیمی، بەڵام لەنێو خودی میللەتیشدا خواست لەسەر فیدڕاڵی نەبووەتە کارتێکی فشار. ئەگەر فیدڕاڵیەت وەک لە دەستوور هەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئیدارەی سەرجەم فایلەکانی حوکمڕانی، پێشکەوتن و ئابووری سەرکەوتوو دەبێت، بەتایبەت ئەو فایلانەی کە پێویستە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە هاوبەشی ئیدارە بدرێن. لە ئەنجامدا بۆ عێراق چەند بابەتی فیدڕاڵی دوابخات وەک ئەوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و مۆدێرن بێت، ئەوەندەی تر لە قەیران و گرفتدا دەژیت. دووەم: ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا یەک کێشە هەیە، ئەویش نەبوونی متمانە؛ وەک هێنری کیسنجەر دیپلۆماتکاری بەناوبانگی ئەمریکی دەڵێت: "متمانە تاکە دراوە کە ناتوانرێت بکڕدرێت، بەڵکو دەبێت بەدەستبهێنرێت". ئەوکاتەی لە عێراق ڕێککەوتنەکان بە سەرەتایەکی نوێ دانران متمانە دروستبوو، ئەوا هاوبەشی ڕاستەقینە بەدەستدێت، ئەم هاوبەشییە وادەکات کە قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات، بەتایبەت لە دۆزینەوەی فۆرمێک بۆ حوکمڕانی و ئیدارەدان بەشێوەیەک کە لە عێراقدا حکوومەتی فیدڕاڵ، ناوەندی نەبێت، بەڵکوو لامەرکەزی بێت، دەسەڵاتەکان بەشێوەی فیدڕاڵی لە دەوڵەتدا بەگوێرەی دەستوور جێبەجێ بکرێن. هەروەک ئەنگێلا مێرکڵ جەختی دەکردەوە: "کاتێ هەموو لایەک ستراتیژیەت سەردەخەن، ئەوە هەمووی لەنێویدا براوەن." سێیەم: کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ عێراقی فیدڕاڵ، وەک سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤ وایە. دەبێ میدیای سەربەخۆ، پەروەردەی نوێ، ڕۆڵی ژنان و گەنجان، کۆمەڵگەی مەدەنی ببێتە هۆی پێشخستنی سیستەم و گەشەکردنی شێوازی ژیانکردن و گۆڕینی هەموو بیرکردنەوەیەک، تا بەرهەمی پێشکەوتن و گەشەکردن بتوانێ بیرکردنەوەی توندوتیژی بسڕێتەوە، عێراق پێویستی بە ئاشتەوایی هەیە، کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ لە هەناوی عێراقدا ئاشتی بونیاتبنێ، وەک دیزمۆند تۆتۆ، ئەسقوفی خەباتکاری ئەفریکای باشوور دەڵێت: "ئاشتی بەبێ دادپەروەری، وەک بینایەکە لەسەر لم دروست کرابێت". ئەم سێ ڕێگایە بۆ قۆناغی ئێستای عێراق گرنگە، کە سیستەمەکە ببێتە فیدڕاڵی، لە هەمانکاتدا بتوانێ مۆدێلێکی نوێی ئابووری داهێنێ، چونکە بەم گرفتانەی ئێستا و لە ئەگەری سفربوونەوەی نرخی نەوتدا عێراق لەگەڵ قەیرانی ئابووری ڕەنگە کێشەی شەڕی ناوخۆیی و دەیان کێشەی دیکەیشی بۆ پێش بێت، لەگەڵ دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و دەوڵەتی لە عێراق. جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێیوایە: "هەموو کێشەیەکی مرۆیی دەکرێت دانوستانی لەسەر بکرێت". عێراق گرنگە لەم تەوقیتە کە دەرفەتی هەیە، گفتوگۆ بۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی بکات، چونکە گەر نەتوانێ خۆی بخاتە سەر میتۆدێکی نێودەوڵەتی، ئەوا قورسە بەم فۆرمەی ئێستا عێراق بتوانێ لە داهاتوو دەوڵەتێکی سەرکەوتووی ناوچەکە بێت. وەک کۆڵن پاوڵ پێشبینی دەکرد: "ئێوە دەیشکێنن"، بۆ عێراقی فیدڕاڵیش، گەر خاوەندارێتی چارەنووسی گەلێک بکەن، دەبێ مافی گەلێک و گەلان گەرەنتی بکرێت بە دەستوور، بە پێکەوەژیان، بە سەقامگیری و سیستمێکی فیدڕاڵی بەهێز.