سەرۆککۆماری ئێران: ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێت، سەرۆککۆماری ئێران گوتی "یاسای حیجاب کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات."

ئازاری 6, 2025 - 15:47
سەرۆککۆماری ئێران: ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین

دوێنێ (چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025) محەممەدجەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی ،"ئەمڕۆ، سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە؛ ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین، چونکە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و من دژی خەڵک ناوەستمەوە."

 ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 209 پەرلەمانتار نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد و داوایان کرد یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکات، ئەوان رایانگەیاند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکە، رەخنەی زۆر ئاراستەی حکومەت دەکرێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان بە زووترین کات جێبەجێکردنی یاساکە رابگەیێنێت.

 پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادەکرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ زیادکرد و بۆ پەرلەمانی نارد، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسندکرا.

 پڕۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسندکرا. رۆژی یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و داوێنپاکی، رایگەیاند حکومەت هەوڵدەدات گۆڕانکاری لە یاساکە دا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو بەرەو هەموارکردنەوەی دەنێت.

بڕیارە، یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت. بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتن لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

سەرچاوە: ڕووداو