عێراق بەنیازە نەوتی بەسرە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکات
حکومەتی عێراق بەنیازە نەوتی بەسرە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات.

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن.
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "بەمنزیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کارادەکرێت و ئەگەری زیادکردنی نەوتیش لە نەوتی بەسرە لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەیە."
وەزیری نەوتی عێراق ئەو قسانەی لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی-تورکی کرد، کە ئەمڕۆ کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق.
وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. بە پێویستیشی زانی؛ دۆسیەی ئاو کرا بکرێت بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات لە بەدەستهێنانی بەشێکی دادپەروەرانەی ئاو. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا، کە لە کارنامەی کاردا هاتوون و تایبەتن بە لیژنە لاوەکییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە و نەوت، پەروەردە، دەروازە سنوورییەکان و پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆسیەی وەرزش و لاوان.
کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی؛ گرنگە پێداویستییە تەکنیکییەکانی لیژنەکان تەواو بکرێن، لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ لایەنی تورکی کارا بکرێن بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات.
سەرچاوە: ڕووداو