قاسم ئەعرەجی: ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوت دەبێت پەکەکە و تورکیا لە عێراق بکشێنەوە
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئەگەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئەنجامی هەبوو، پێویستە هەریەک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لە خاکی عێراق بکشێننەوە.

رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئێمە نامانەوێت، هیچ کام لە پەکەکە و سوپای تورکیا لە خاکی ئێمەدا بمێننەوە و عێراق خوازیارە هەمووان بکشێنەوە."
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی: "تورکیا چەندینجار رایگەیاندووە بەهیچ جۆرێک چاوی لە خاکی عێراق نییە." قاسم ئەعرەجی، پێشتر لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تورکیا زیاتر لە 100 بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و بنکەیەکی سەربازی لە عێراق هەیە.
"گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل کێشەی بۆ دروست بووە"
قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان، زیانی بە هەوڵەکانی عێراق گەیاندووە بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکان لە کامپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. کەمپی هۆل، بە کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعش دەناسرێت، دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر عێراقی لە کەمپەکە ماون.
ئەعرەجی دەڵێت: "عێراق پلانی هەیە هەموو عێراقییەکان لە کامپی هۆل بگوازێتەوە بۆ کامپێکی دیکە لە عێراق، بەڵام هێشتا ئەو پرۆسەیە پێویستی بە کاری زیاتر و هاوکاریی زیاتری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەڵام کێشەیەکی گەورەی بەردەم ئەو پرۆسەیە، راگرتنی هاوکارییەکانە بۆ رێکخراوەکان و عێراقیش بەتەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات."
لە 2021ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 13 هەزار کەس گەڕێندراونەتەوە، نزیکەی 15 هەزاری دیکەش لە کەمپی هۆل ماون. دوایین کاروانی عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە 23ـی مانگی رابردوو گەڕێندرانەوە، کە 165 خێزان بوون و لە 605 کەس پێکهاتبوون.
ئەمە 24ـەمین کاروانی عێراقییەکان بوو، کە لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە
سەرچاوە: ڕووداو