ئینتەر میامی بردییەوە، بەڵام مێسی یارینەکرد

بەبێ بەشداریکردنی مێسی و بە 10 یاریزانەوە، ئینتەر میامی لە چارلۆتی بردەوە.

ئازاری 10, 2025 - 10:36
ئینتەر میامی بردییەوە، بەڵام مێسی یارینەکرد

یانەی ئینتەر میامی لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی چارلۆت بووەوە، یاریزانانی ئەو یانەیە لە سەرەتای یارییەکە بە شێوەیەکی باش دەرکەوتن، بەڵام ئەوە بەردەوام نەبوو، لە خولەکی 38، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەر میامی، ئوستاری، بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، دوای ئەو کارتە سوورە، یانەی چارلۆت کۆنترۆڵی یارییەکەیان کرد و هێرشەکانی ئەو یانەیە بەردەوام بوون، وێلفرید زاها، سەرچاوەی مەترسیی چارلۆت بوو.

 نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لەگەڵ دەستپێیکی نیوەی دووەم، یانەی ئینتەر میامی لە رێگەی تادیۆ ئالێندێ و بە ئەسیستی لویس سوارێز، گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.

 لە دوای گۆڵەکەی ئالێندێ، ئینتەر میامی هەوڵەکانیان چڕکردبووەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گۆڵەکە بکەن، بەڵام چاوەکان هەموویان لەسەر کورسی یەدەگی ئەو یانەیە بوون، هەمووان چاوەڕێی چوونەژوورەوەی لیۆنێل مێسی بوون، کات تێپەڕی و گۆڕانکاری پێنەکرا، یانەی ئینتەر میامیش توانی گۆڵەکەی خۆی بپارێزێت و هەر بە ئەنجامی 1-0 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردوە.

 سەبارەت بە بەشدارینەکردنی مێسی، سەرچاوەیەک ئەوەی خستەڕوو کە راهێنەری یانە پەمەییەکە نەیویستووە مێسی بخاتە مەترسییەوە و پشووی پێداوە تا ئەو کاتەی بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ یاریکردن.

سەرچاوە: ڕووداو