رۆناڵدۆ و نەسڕ لە چامپیۆنزلیگ 2ـی ئاسیاش دەردەکرێن
یانەی وەحدەی سعودی دووبارە سکاڵا لەسەر یانەی نەسڕ تۆماردەکات و داوای سێ خاڵی یارییەکەی نێوانیان دەکات و ئەگەر سکاڵاکەی سەری گرت، دانابەزێتە خولی پلە دووەکان و یانەی نەسڕیش ناتوانێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگ 2ـی ئاسیادا بکات.

ئەو دۆسێیەی کە لەلایەن ناوەندی ناوبژیوانی وەرزشیی سعودییەوە چاودێری دەکرێت سەبارەت بە کێشەی نێوان یانەکانی نەسڕ و وەحدە، پێشهاتی نوێی بەخۆیەوە بینی، کە یانەی وەحدە سکاڵای لەسەر نەسڕ تۆمارکردبوو بەهۆی درەنگ گەیشتنی پاسی نەسڕ بۆ یاریگە لە کاتی یارییەکەیاندا کە لە گەڕی 22 بەڕێوەچوو، یارییەکەی یەک کاژێر دواکەوت و لەئەنجامدا تیپەکە بەئەنجامی 2-1 دۆڕا.
لیژنەی دیسپلین و ئەخلاق سەرەتا سکاڵاکەی وەحدەی رەتکردەوە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی مادەی 137-2-1ـی پەیڕەوی لیژنەکە.
ئەمجارە وەحدە دووبارە تانەی لە بڕیارەکە دا و داوای پێداچوونەوە بە کامێراکاندا دەکات بۆ ئەوەی هۆکاری راستەقینەی دواکەوتنی نەسڕ بزانرێت. هەروەها وەحدە لە سکاڵای خۆیدا داوای کردووە خاڵەکانی یارییەکەی ببەخشرێن.
لیژنەی تانەدان داواکارییەکەی وەحدەی قبوڵ کرد و دۆسێیەکە رەوانەی لیژنەی دیسپلین و ئەخلاق کرایەوە. دوای ئەوەی نەسڕ لەم دواییانەدا دۆسێیەکەی بەرامبەر یانەی عروبە و گۆڵپارێزەکەی رافع ئەلڕوەیلی بردەوە و سێ خاڵەکەی بەدەستهێنا، وەحدە بڕیاریدا هەمان رێگە پەیڕەو بکات و پەنای بۆ ناوەندی ناوبژیوانی وەرزشی برد.
ناوەندی ناوبژیوانی دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بەو دۆسێیە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، یان ناڕەزایەتییەکە قبوڵ دەکات و بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی، یان لەڕووی فۆرم یان ناوڕۆکەوە رەتیدەکاتەوە و دۆسێیەکە دادەخرێت.
ئەگەر ناوەند بڕیاری قبوڵکردنی ناڕەزایەتییەکە بدات، دەستەیەک لە سێ ناوبژیوان بۆ بەدواداچوون پێکدەهێنرێت، کە هەریەک لە نەسڕ و وەحدە ناوبژیوانێک هەڵدەبژێرن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی داوای یاسایی.
یانەی وەحدە لە سکاڵاکەیدا داواکارییەکی تایبەتی خستووەتەڕوو، لەوانە پێداچوونەوە بەکامێراکانی ئەو هۆتێلەی کە نەسڕ تێیدا ماوەتەوە لە جددە و دیاریکردنی کاتی رۆیشتنی بۆ مەککە بۆ سەلماندنی هۆکاری دواکەوتنی یارییەکە.
وەحدە هەروەها داوایکردووە پێداچوونەوەی ورد بەکامێرای سەر شەقامەکانی سەر رێگاکانی بەرەو یاریگاکە و دیاریکردنی رێڕەوی گەشتەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکاری دواکەوتنی یارییەکە. یانەکە هەر بەوەوە نەوەستاوە و هەروەها داوای کردووە کە بەرپرسانی بەڕێوەبردنی پێشبڕکێکانی خولەکان بانگهێشتی سەرپەرشتیاری یارییەکە بکەن و گوتەی لێوەربگرن، زێدەباری پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە.
ئەگەر سکاڵاکەی وەحدە قبوڵ بکرێت و سێ خاڵەکەی نەسڕ لێیوەربگرنەوە و بدرێنە وەحدە، ئەو یانەیە دانابەزێت بۆ خولی پلەدووەکان، چونکە ژمارەی خاڵەکانی وەحدە بۆ 36 خاڵ بەرزدەبێتەوە و ئەخدوود دەبێتە قوربانی بڕیارەکەی ناوەندی ناوبژیوانی و دادەبەزێت بۆ خولی پلەدووەکان، چونکە ئێستا بە 34 خاڵ پلەی پانزدەی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.
وەرگرتنەوەی سێ خاڵەکە لە نەسڕ ئەو یانەیە بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رکابەرییەکانی ئاسیا دووردەخاتەوە و ناتوانن بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2ـدا بکەن، کە ئێستا بەکۆکردنەوەی 70 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە، بەڵام بەلەدەستدانی سێ خاڵەکە، ژمارەی خاڵەکانی بۆ 67 خاڵ کەم دەبێتەوە و بۆ پلەی چوارەم دادەبەزێت. یانەی قادسیە بەرەو پلەی سێیەم دەڕوات، کە خاوەنی 68 خاڵە.
سەرچاوە: ڕووداو