بۆچی مێسی رەتیکردەوە وێنە لەگەڵ سەرۆکی ئەرجەنتین بگرێت؟!

خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەدیاریکراوی لە نیویۆرک، دووچاری شکستێکی سیاسی گەورەبوو، دوای ئەوەی نەیتوانی وێنەیەک لەگەڵ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی وڵاتەکەی بگرێت، سەرەڕای 20 رۆژ نێوەندگیریی خوشکەکەی کارینا میلی.

ايلول 25, 2025 - 17:06
بۆچی مێسی رەتیکردەوە وێنە لەگەڵ سەرۆکی ئەرجەنتین بگرێت؟!
میلی، کە دەستپێشخەرییەکی کۆنمێبۆلی بۆ مۆندیالی 2030 رەتکردبووەوە، بەپەرۆشەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی وێنەیەک لەگەڵ کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی بگرێت، کە یارییەکی لەو شارەدا بەرامبەر نیویۆرک سیتی ئەنجامدا.
 
ئامانجی سەرۆکی ئەرجەنتین لە گرتنی ئەم وێنەیە بەکارهێنانی بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەرجەنتین، کە بڕیارە لە 26ـی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێن.
 
هەوڵەکانی پێشووتری
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک، میلی هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ گرتنی ئەو وێنە گرنگە، بەڵام مێسی بە کەسە نزیکەکانی سەرۆکی گوتووە کە خشتەی یارییەکانی قەرەباڵخە و راستەوخۆ دوای یارییەکە گەشت دەکات.
 
هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردووەتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی سیاسی، چ ناوخۆیی بێت یان نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەشداوە کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان وێنەکە دەکاتە ئامرازێکی پڕوپاگەندەیی.
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئامادەبوونی میلی لە ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ یارییەکەی ئینتەرمەیامی لە نیویۆرک یەکی گرتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، شاندی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین بە سەرۆکایەتی کلۆدیۆ تاپیا، دوای یارییەکە جارێکی دیکە لەگەڵ مێسی و رۆدریگۆ دی پاوڵ کۆبوونەوە، هەروەک چەند رۆژێک پێش ئێستا لە مەیامییش ئەوە روویدا.
سەرچاوە: ڕووداو