رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی لە بارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورتەیەکی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و باسی لە بنەماکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پەیڕەونەکردنی بڕگەکانی دەستوور کرد کە بوون بە "هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان کێشە و گرفت لە نێوان هەولێر و بەغدا".
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەووەتەوە کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراق هۆکاری سەرەکیی سەقامگیری و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "دوای ئەو هەموو زوڵم زۆرداری و ماڵوێرانییەی کە بەسەر گەلی کوردستاندا هات، ئێستاش کە هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی سیاسییە و لەو چوارچێوەیەدا وێڕای هەبوونی ئاستەنگ و رێگری بەردەوام، هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکەکان بەبێ جیاوازی."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی، پڕۆژەی زۆر گەورە ئەنجامدراون و پشکی شێری ئەو پرۆژانەش بە توانای دەستی ناوخۆیی هاتوونەتە ئاراوە. "چۆن لە رابردوودا پێشمەرگە ئاسا تێکۆشاون ئێستاش بەردەوام بن دژی ئەو هەوڵانەی کە بۆ خەڵک و حکومەت و هەرێمی کوردستان بە گشتی دروست دەکرێن."
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە "دووژمنان بە پڵانی جۆراوجۆر هەوڵی تێکدانی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە تایبەت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر لەناو کۆمەڵگەدا."
سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوانی راگەیاند، پێویستە هەموومان پشت بوخۆمان ببەستین و چاومان لە دەستی کەس نەبێت. "لە مێژوودا دیارە چ کاتێک کوردستان کەوتبێتە دۆخێکی مەترسیدار و بەر هێرشی نەیاران، هەر پێشمەرگە بووە بە تەنیا بەرگریی لە خاک و کەرامەتی کوردستانییان کردووە."
لە کۆتایی وتەکەیدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند، ئێمە پشتمان بە خودا و گەلی خۆمان بەستووە، بۆیە "لە هیچ دۆخێک و لە ژێر هیچ گوشارێک سازش لەسەر مافە رەواکانی گەلی خۆمان ناکەین."