نرخی ئەستێرەکانی ریال مەدرید فڕی

لە کاتێکدا گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت، یانە گەورەکان گۆڕانکاریی گەورە لە ریزەکانیاندا بکەن، نرخی پێنج یاریزانی ریال مەدرید لەسەرووی 100 ملیۆن یۆرۆیە.

ئارەی 8, 2025 - 14:04
نرخی ئەستێرەکانی ریال مەدرید فڕی

یانەی ریال مەدرید یەکێک لە گەورەترین یانەکانی تۆپی پێی جیهان و ئەورووپایە، ئەم وەرزە سەرەڕای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا لە قۆناخی هەشت کرایە دەرەوە و لە لالیگاشدا لە پلەی دووەمی ریزبەندە و چوار خاڵ لە بارسێلۆناوە دوورە، بەڵام نرخی بەشێکی ئەستێرەکانی فڕیووە و پێنج یاریزانی نرخیان لەسەرووی 100 ملیۆن یۆرۆوەیە.

ڤینیسیۆس جونیۆر گرانترین یاریزانی ئێستای یانەی ریال مەدریدە و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ، ڤینی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، قسەی زۆر لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەوە هەن، بەتایبەت کە سعودییەکان دەیانەوێت یاریزانەکە ببەنە وڵاتەکەیان، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی یاریزانەکە نوێبکاتەوە.

 جود بێلینگهام، دووەم گرانترین یاریزانی ئێستای پێکهاتەی یانەی شاهانەیە و نرخەکەی 180 ملیۆن یۆرۆیە، یاریزانەکە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام نرخی لە هەڵکشاندایە، بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی پێشکێشی دەکات.

 کیلیان ئێمباپێ، ئێستا نرخەکەی 170 ملیۆن یۆرۆیە، لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر نرخی یاریزانەکە لە بازاڕدا گەیشتە 180 ملیۆن یۆرۆ.

 فێدریکۆ ڤالڤێردی، ئەستێرەی ئۆرۆگوای، نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئێستا ئەو یاریزانە لە بازاڕدا 130 ملیۆن یۆرۆ دەکات، فێدریکۆ لە ماوەی ساڵێک 10 ملیۆن یۆرۆ چووەتە سەر نرخەکەی، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی لە وەرزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا پێشکێشی دەکات.

یاریزانێکی دیکەی ریال مەدرید کە نرخەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە، رۆدریگۆی بەرازیلییە، ئەم یاریزانە داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید دیارنییە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، یاریزانەکە داوای مووچەی زیاتری کردووە و ئەگەر مووچەکەی زیاد نەکرێت بیر لە رۆیشتن لە یانەکە دەکاتەوە. رۆدریگۆ ساڵێک لەمەوبەر نرخەکەی گەیشتە 110 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ 100 ملیۆن.

 ئەستێرە بەرازیلییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، بەپێی راپۆرتەکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی پرسیاری لەبارەی ئەو یاریزانەوە کردووە و گرنگی بە گواستنەوەی دەدات.

سەرچاوە: ڕووداو