ئەلۆنسۆ هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێمباپێ و ڤینیسیۆس
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید یاسای تووند دەسەپێنێت و هۆشدارییەکی تایبەت دەداتە کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر.

چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید هۆشدارییەکی روونی داوەت یاریزانەکانی پێش یەکەم یاریی یانەکەیان لە مۆندیالی یانەکانی 2025 لە ئەمریکا، کە چوارشەممە رووبەڕووی یانەی هیلالی سعودیە دەبێتەوە.
بەگوێرەی رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی، سەرچاوەکانی ناو یانەکە دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەلۆنسۆ لە یەکەم یەکەی مەشق و راهێنانەکاندا یەکلاکەرەوە بووە و یاسای تووندی سەپاندووە بەتایبەتی سەبارەت بە هێرشبەرەکان.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەلۆنسۆ بە یاریزانەکانی گوتووە "کەمتەرخەمیم ناوێت، هەر یاریزانێک رانەکات، یاری ناکات، هەر کەس و هەر ناوێک بێت".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە "ئەلۆنسۆ رێگە بەهیچ کەمتەرخەمی و هیچ بێباکییەک نادات، گوشارنەخستتنە سەر یاریزانی بەرامبەر یان کەم راکردن لە یاریگادا بە کارتی زەرد دادەنرێت. کارتی زەردی دووەمیش بە واتای دوورخستنەوەیە لە پلانەکانی. بۆ ئەو پابەندبوون و هەوڵدان دوو مەرجی سەرەکین بۆ بەشداریکردن، بەبێ جیاوازی". راهێنەرە ئیسپانییەکە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە گوشاری بەکۆمەڵ لەهێڵی پێشەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەگاتە گۆڵپارێز.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن چابی هۆشدارییەکی تایبەتی بە هێرشبەرانی و بەتایبەتیتریش کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر داوە و گوتوویەتی "قبوڵ ناکەم چاوەڕێی تۆپ بکەن بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن، دەبێت بۆ هەموو تۆپێک رابکەن".
پەیامەکەی ئەلۆنسۆ لەکاتێکدایە کە هەندێک لە ئەستێرەکانی تیپەکە کە دیارترینیان کیلیان ئێمباپێ ئینجا ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە وەرزی رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەوە، گوایە پابەندبوونی تەواویان بە گوشار خستنە سەر یاریزانی بەرامبەر و هەوڵی بەکۆمەڵ نیشان نەداوە، ئەمەش شتێکە کە راهێنەرەکە هەوڵدەدات لەگەڵ دەستپێکردنی مۆندیالدا بیگۆڕێت.
سەرچاوە: ڕووداو