بۆرووسیا دۆرتموند خۆشحاڵن بە کاردانەوەی هاندەران لە کوردستان
دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە گۆرانیی گۆرانیبێژێکی کورد کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لەڕێی رووداوەوە خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە تۆڕی تیکتۆک، درێسە نوێیەکانی یانەکەیان خستەڕوو، ڤیدیۆی خستنەڕووی درێسەکان، گۆرانییەکی گۆرانیبێژی کورد، ئایکوت ئانهانی لەسەر بوو کە بە رستەی 'بژی کوردستان' دەستیپێدەکرد.
ئەو ڤیدیۆیەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، ملیۆنان بینەری هەبوو لە سۆشیال میدیا و بووە جێی باسی هەمووان، بینەرە کوردستانییەکان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی و نامەی جوانیان بۆ یانەکە نارد.
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە نامەیەکدا بۆ دیاری حەسەن، شرۆڤەکاریی وەرزشی رووداو رایانگەیاند "بۆ هاندەرە کوردەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، زۆر خۆشحاڵین بەوەی کە ڤیدیۆی پێشکەشکردنی درێسەکانمان کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدڵتان بووە" لە درێژەی نامەکەدا سوپاسی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەیان کرد و گوتیان "سوپاس بۆ بڵاوکردنەوە، باشترین سڵاو لە دۆرتموندەوە بۆ هەمووتان"
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، یەکێکە لە یانە گەورەکانی ئەورووپا و وەرزی رابردوو، پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، ئەو یانەیە گرنگییەکی زۆر بە هاندەرەکانی دەدات و بە یانەی هاندەران ناسراوە.
سەرچاوە: ڕووداو