وەزیری نەوت: بەمنزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پێی راگەیاندن، بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بە ناوی لیژنەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی جواد بۆلانی پێکهێناوە، کە زۆربەی فراکسیۆنە دیارەکانی نێو پەرلەمان لە لیژنەکەدا ئەندامن.
لیژنەکە لەگەڵ وەزیر، گەورە بەرپرسان، سەرکردە سیاسییەکان و شارەزایان کۆدەبێتەوە، بۆ گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک پێشنیاز لەبارەی ئاسایشی ستراتیژیی نیشتمانی، دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، وەک پێشنیاز دەخرێتە بەردەم حکومەتەکانی داهاتوو تاوەکو وەک ستراتیژ کاری لەسەر بکەن.
رۆژی دووشەممە، 10-03-2025 لیژنەکە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و پرسی وزە و ئاسایشی وزەیان تاوتوێکرد. سەگڤان یوسف سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، کە ئەندامی لیژنە کاتییەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری نەوت باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "کارەکانی لیژنەی هاوبەش بەردەوامە، کەشەکە ئەرێنییە، ئاسەنگ و بەربەستەکان لابراون".
بە گوتەی سەگڤان یوسف سندی کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستانە، وەزیری نەوتی عێراق گوتوویەتی: "بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە".
رۆژی شەممە، 8ـی ئاداری 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو کۆبوونەوە بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا. وا دیارە دەبێت کۆبوونەوەی دیکە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بکرێت. ئێستا لە دوا قۆناخەکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانداین".
باسم عەوادی گوتی: "سەرجەم بەربەستە گەورەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت لابراون. هەردوو لایەنی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوی کۆتایی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەدان کە ماون". لەبارەی کاتی هەناردەکردنەوەی نەوت، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەکانمان و ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر، رەنگە لەم مانگەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
2ـی شوباتى 2025 پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کرد، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
بە گوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
سەرچاوە: ڕووداو