بارسێلۆنا لە فیفا پاڕاوەتەوە تاوەکو بەشداری لە مۆندیالی یانەکان بکات

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) پاڕاوەتەوە رێگەی بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکانی پێ بدرێت.

حوزەیری 16, 2025 - 12:57
بارسێلۆنا لە فیفا پاڕاوەتەوە تاوەکو بەشداری لە مۆندیالی یانەکان بکات

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، لە دوای دوورخستنەوەی یانەی لیۆنی مەکسیکی لە مۆندیالی یانەکان بەبڕیاری فیفا، بەهۆی بوونی هەمان خاوەنی هاوبەش لە نێوان ئەو یانەیە و یانەی پاچۆکای مەکسیکی، یانەی بارسێلۆنا داوایکردووە ئەوان بخرێنە شوێنی یانە مەکسیکییەکە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە.

 سەرچاوەکان دەڵێن، بارسا بەپاڕانەوە داوای بەشداریکردنی کردووە، ئەوەش لەبەر پێویستیی زۆری یانەکە بەپارە، بەڵام فیفا بەتووندی داواکەی رەتکردووەتەوە و لەبری لیۆنی مەکسیکی، کورسییەکەی داوەتە لۆس ئانجلسی ئەمریکی.

 بارسێلۆنا بەهۆی خراپیی ئەنجامەکانی لەسەرئاستی ئەورووپا لە چوار ساڵی رابردوو، لە بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکانی 2025 بێبەشبوو. یانەکە دوورخستنەوەی لیۆنی مەکسیکی بەهەل زانی بۆ ئەوەی داوای بەشداری بکات، بەڵام وەک رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەگەرچی بەرپرسانی بارسا بەپاڕانەوە لە فیفا پاڕاونەتەوە، بەڵام داواکارییەکەیان بەتووندی رەتکراوەتەوە.

 رۆژنامەکە زیاتر ئاشکرایکردووە، یانەی بارسێلۆنا زۆر مەبەستی بووە بەشداری لە مۆندیالەکەدا بکات، بۆ ئەوەی کەمێک لە کێشە داراییەکانی چارەسەر بکات، چونکە ئەوەی لەبەرچاو بووە کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مۆندیالەکەدا 115 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و ریال مەدرید لەبەرئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، 135 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

 بارسێلۆنا پلەی دوانزەی نێو ریزبەندی یانەکانی ئەورووپای گرتووە بەپێی ریزبەندی یۆفا، پاشئەوەی لە دوو وەرزی 2021 و 2022 لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ چووە دەرەوە. بارسێلۆنا ماوەی چەند ساڵێکە بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنێت و ئەوەش وایکردووە یانەکە نەتوانێت لە بازاڕی گواستنەوەدا بەویستی خۆی، یاریزان بباتە ریزەکانی.

 یانەکە ئەگەرچی وەرزی رابردوو لە ریزبەندییەکەدا پێش یانەکانی وەک یوڤێنتوس و بێنفیکا کەوت کە لە مۆندیالەکەدا بەشدارن، بەڵام بەپێی مەرجەکانی فیفا هەر وڵاتێک دوو یانە مافی بەشداریکردنیان هەیە و دوو کورسییەکەش درابووە هەریەکە لە ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید.

بارسێلۆنا پێشتر لە وەشانی کۆنی چامپیۆنزلیگدا 4 جار بەشدارییکردووە و سێجار نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

سەرچاوە: ڕووداو