وەزارەتی پێشمەرگە: نزیکەی 58 هەزار پێشمەرگە لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بۆ مانگی نیسان نزیکەی 58 هەزار پێشمەرگە لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانان و مووچە وەردەگرن.

ئارەی 8, 2025 - 14:06
وەزارەتی پێشمەرگە: نزیکەی 58 هەزار پێشمەرگە لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن

رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی چوار بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەکانى پیادەى وەزارەتى پێشمەرگە دابەشدەکرێت، مانگ بۆ مانگ بەشداربووانی (هەژماری من)یش روو لە زیادبوون دەکات."

 وەکو بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بۆ ئەم مانگە، نزیکەی 58 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر، لەڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.

بە گوتەی لیوا توانا سدیق، هاوپەیمانان دڵنیایی تەواویان داوە، کە ئەم هاوکارییە بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕەکەی جێگیر نییە، هاوکارییەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە دەگۆڕێن، چونکە پێشمەرگە زیاد دەبێت.

 6ـی ئایاری 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی رایگەیاند، هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە و بەرنامەکان، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواو کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025 هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی چوار دابەشدەکرێت."

سەرچاوە: ڕووداو