بەهای دینار بەرز دەبێتەوە و زێڕیش دادەبەزێت

ئەمڕۆ بەهای دینار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 142 هەزار دینارە.

ئارەی 8, 2025 - 14:09
بەهای دینار بەرز دەبێتەوە و زێڕیش دادەبەزێت

حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 141 هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.

 باواجی گوتی، دۆلار زۆرە لە بازاڕدا و کەمترین خواستی لەسەرە.

 د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دینار، سەرکەوتنی سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق بوو، لە پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی کەرتی تایبەت بۆ بازرگانە گەورەکان."

بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، دەستپێکردنی مامەڵەی راستەوخۆ و دابینکردنی پارە بۆ پرۆسە بانکییەکانی دەرەوە بە یۆرۆ، درھەمی ئیماراتی و یوانی چینی لە رێگەی نوێنەرانی بانکەکانی عێراق یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، کە ئەوە ھانی خێرایی پارەدان و حەواڵەکردن دەدات لە بازرگانیدا لەگەڵ بازاڕەکانی ئیمارات، تورکیا و چین کە گەورەترین ناوەندەکانی بازاڕکردنی بازرگانین بۆ عێراق."

 بەهای دراوەکانی دیکە:

100 دۆلار: 3775 لیرەی تورکی

 100 یۆرۆ: 158 هەزار و 750 دینار

100 پاوەن: 186 هەزار دینار

 1000 کرۆنی سوێدی: 120 هەزار دینار

 یەک ملیۆن لیرەی سووری: 133 هەزار دینار

نرخی زێڕ هەر ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نرخی یەک مسقاڵی زێڕی عەیار 21 لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان 18 هەزار دینار دابەزی. عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت: "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 675 هەزار دینارە و عەیار 18 بە 578 هەزار دینارە."

دوێنێ زێڕی عەیار 21 نرخی مسقاڵێکی گەیشتە 693 هەزار و عەیار. هەر ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 770 هەزار و عەیار 22 بە 707 هەزار دینارە.

سەرچاوە: ڕووداو