گورزێکی گەورە لە بارسا درا

دەستەی لالیگا گورزێکی گەورەی لە بارسێلۆنا دا، دوای ئەوەی لە چەند کاژێری رابردوودا داواکارییەکی فەرمی یانە کەتەلۆنییەکەی رەتکردەوە، کە بێگومان کاریگەرییەکی مەترسیداری بەسەر چارەنووسی ئەو یانەیە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا دەبێت.

نیسان 22, 2025 - 11:19
گورزێکی گەورە لە بارسا درا

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بارسێلۆنا لە گەڕی 33ـی خولی ئیسپانیا میوانداریی یانەی ریال مایۆرکا دەکات، کە بارسا بەکۆکردنەوەی 73 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگادایە و بە 4 خاڵ لەپێش ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندییە.

 بەگوێرەی رۆژنامەی کۆپیی ئیسپانی، لالیگا داواکارییەکەی بارسێلۆنای رەتکردەوە بۆ گۆڕینی وادەی یارییەکەی بەرامبەر ریال ڤایادۆلید، کە بڕیارە لەچوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 34ـی لالیگا لە 3ـی مانگی پێنج ئەنجام بدرێت.

 بارسێلۆنا داوای دواخستنی یارییەکەی کرد بەهۆی یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر ئینتەرمیلان کە بڕیارە لە 6ـی5ـی2025 ئەنجام بدرێت، واتا تەنیا 48 کاژێر دوای یارییەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید. کۆپی لەو بارەیەوە دەڵێت "لالیگا داواکاریی بارسێلۆنای رەتکردەوە و ئەو یانەیەی خستە کێشەیەکی گەورەوە". هەروەها زیاتر دەڵێت "بارسا داوای کردووە وادەی یارییەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید پێشبخرێت بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتری بۆ پشوو بەر لە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ئینتەرمیلان لە چامپیۆنزلیگدا هەبێت، بەڵام لالیگا رازی نەبوو، بڕیاریدا یاریی بارسا و ڤایادۆلید لەهەمان کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا 48 کاژێر لەنێوان هەردوو یاریی بارسا بەرامبەر ڤایادۆلید و ئینتەرمیلاندا هەیە، ئەمەش کێشە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دروست دەکات، چونکە یاریزانەکانی تووشی ماندووبوونێکی زۆر دەبن، بەتایبەتی کە بۆ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ئینتەرمیلان دەبێت گەشت بکات بەرەو ئیتاڵیا.

 هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا هێرشێکی تووندی کردە سەر لالیگا لەسەر کاتی یارییەکەی یانەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید.

 فلیک لە چەند کاژێری رابردوودا بە میدیاکانی راگەیاندووە "دەمەوێت ئەو کەسە ببینم کە بەرپرسیارە لە دانانی ئەو وادانە. باوەڕپێنەکراوە!! چۆن هیچ شوێنێک نەماوە بۆ ئەوەی هەناسەیەک بدەین و هەندێک پشوو بدەین". ئاماژەی بەوەشکردووە "پێشتر هەرگیز ئەم دۆخەم ئەزموون نەکردووە، هەموو خولەکانی وڵاتانی دیکە ئارەزووی ئەوە دەکەن پێش یارییەکانی چامپیۆنزلیگ پشوویەکی پێویست بە یانەکانیان بدەن تەنیا لە ئیسپانیا ئەو شتە نییە".

سەرچاوە: ڕووداو