نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

نیسان 22, 2025 - 17:26
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22-04-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ ئیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی به‌ريتانيا لە عێراق "وێڕاى به‌خێرهێنان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات كرده‌وه‌."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى ستايشى په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، جەختی لە خواستى هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى نوێى به‌ريتانيا، "خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر دەربڕی و جەختی له‌ خواستى وڵاتەکەی بۆ بەردەوامى و بره‌ودان به‌ هاريکاريى هه‌مه‌لايه‌نه‌ لەگەڵ هەرێمى كوردستان لەسەر بنەمای به‌رژه‌وه‌نديى هاوبەش دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە چەسپاندنی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە عێراق و ناوچەکەدا، به‌رز نرخاند."

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

سەرچاوە: ڕووداو