نێچیرڤان بارزانی لە نزای نیشتمانی: فرەيی ئایینی و کولتووری لە کوردستان، هەرگیز بارقورسى نەبووە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، فرەیی ئایینی و کولتووری لە کوردستان، هەرگیز بارقورسى نەبووە، بەڵکو سەرچاوەی هێز و سەقامگیرییە و هه‌ميشه‌ جێگەی شانازيمان بووه‌. هەرێمی کوردستانیش سەلماندوویەتی نموونەیەکی قاقیعییە لە پاراستنی ئازادییە ئایینییەکان.

نیسان 23, 2025 - 17:35
نێچیرڤان بارزانی لە نزای نیشتمانی: فرەيی ئایینی و کولتووری لە کوردستان، هەرگیز بارقورسى نەبووە

لە رۆژی نزای نیشتمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، به‌ درێژایی ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە رێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینیييەکان و، دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هه‌موو پێکهاتە جیاوازەکان له‌ هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "باوەڕمان وایە کە بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به‌ رێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئەم بەهایانە كاتێك ته‌واو جێگير ده‌بن كه‌ لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاريی نێوان ئایین و کولتوورەکاندا، پشتگيريى هەبێت و به‌ بڕواوه كاريان بۆ بكرێت. ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ جددى و بێ راوه‌ستان، كاريان بۆ ده‌كه‌ين."

 ‌ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ئەزموونەکان و مێژوو سەلماندوویانە، گفتوگۆی راستگۆیانە، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان خەڵکدا. بۆ یەکەم جار ئەم ساڵ رۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر بەڕێوەچوو کە زیاتر لە 600 سەرۆک و بەرپرس و سەرکردە لە عێراق، کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەشدارن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەم چالاکییە بە هەنگاوێکی جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی زياترى کولتووری لێكگەیشتن و رێزله‌يه‌كگرتن، هه‌روه‌ها پەیامێکه‌ لە کوردستانەوە بۆ جیهان کە دەڵێت: "فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بە ئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن."

رۆژی دووشەممە، 21-4-2025 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دواییکرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوخەميی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ كۆچى دواييى قه‌داسه‌تى پاپا فرانسیس کە نموونەیەک بوو لە خاكه‌ڕايى و کرانەوەی راستەقینە. هه‌موومان نزاى بۆ ده‌كه‌ين و گيانى شاد بێت. ئەو باسی سەردانی پاپای بۆ هەرێمی کوردستان کرد لە ساڵی 2021، گوتی، "قه‌داسه‌تى ئه‌و، بە سەردانەکەی بۆ کوردستان لە ساڵی 2021 دا، شەرەفمەندی کردین. ئەو سەردانە وەک رووداوێکی مێژوویی لە بیرەوەريی هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستاندا دەمێنێتەوە و هه‌ميشه‌ جێى شانازيمان ده‌بێت. میراتی ئەو، وەک چرايه‌ك بۆ ئاشتی و لێبورده‌يى بەردەوام له‌نێو ئێمه‌ و له‌ هه‌موو جيهاندا، ئامادە دەبێت."

سەرچاوە: ڕووداو