مێسی رەخنە لە خولی ئەمریکی دەگرێت
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دوای ئەوەی سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە یانەی ئەتلەسی مەکسیکی، رەخنەی لە دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئەمریکی گرت بەهۆی ئەوەی یارییەک سڕکرا و گوتی "رێگەیان پێنەدام یاری بکەم".
لە یەکەم یاریی جامی خولەکان کە یانەکانی ئەمریکا و مەکسیک بەشداری تێدا دەکەن، ئینتەرمەیامی بەئەنجامی 2-1 لە ئەتلەسی مەکسیکی بردوە، کە لیۆ لەو یارییەدا ئاستێکی بەرزی پیشکێش کرد و بە دوو ئەسیست بووە پیاوی یارییەکە.
دوای یارییەکە لیۆ مێسی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە خولی ئەمریکی گرت و بە رۆژنامەڤانانی گوت "رێگەین پێنەدام یاری بکەم، بۆیە کاریگەری بەسەرمنەوە هەبوو".
لیۆنێل مێسی و خۆردی ئەلبای هاوڕێی بەشدارییان لە یاریی هەموو ئەستێرەکاندا نەکرد، کە ساڵانە ئەو یارییە لەنێوان ئەستێرەکانی خولی ئەمریکی و ئەستێرەکانی خولی مەکسیکی بەڕێوەدەچێت، بۆیە بەپێی یاسای خولی ئەمریکی هەر یاریزانێک بەشداری لەو یارییەدا نەکات یارییەک لە خول سڕ دەکرێت.
لەدوای یاریی ئەتلەس، رۆژنامەڤان لە مێسی پرسی؛ سەبارەت بەوەی کە تۆ گوتت یاریکردن لێرە قورسە، بەڵام بینیمان تا خولەکی 90 و 95 رادەکەیت وەک ئەوەی یارییەکە تازە دەستی پێکردبێت؟ مێسی لەوەڵامدا گوتی "بەڵێ، راستییەکە ئەوەیە کە زۆر سەختە، کەش و هەوا زۆر گەرمە و یارینەکردن لە یاریی پێشوو سوودی نەبوو، بەپێچەوانەوە لەڕووی تیۆرییەوە لەوانەیە باش بێت، بەڵام بۆ من خراپ بوو، چونکە پێویستیم بە یاریکردنی بەردەوام هەیە، تاوەکو زیاتر یاری بکەم هەست بە باشتربوونی جەستە دەکەم و ریتم بەدەستدەهێنم. سەرەتا هەستم بە قورسی دەکرد لە جوڵەکانم، خێرایی یارییەکانم کەم بوو".
ئینجا لیۆ بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە خولی ئەمریکی گرت و گوتی "لە یاریی پێشوودا نەیانهێشت یاری بکەم و ئەمڕۆش هەستم بەوە کرد بەتایبەتی لە نیوەی یەکەمدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بردمانەوە".
مێسی لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە بردنەوەکەیان گوتی "سەرکەوتنی ئەمڕۆ گرنگ بوو. ئێمە پێویستیمان بەکۆکردنەوەی خاڵی زیاتر لە ئەوانی دیکە هەیە، بۆیە بردنەوەکە زۆر گرنگ بوو".
سەرچاوە: ڕووداو