دوای دۆڕانی کلاسیکۆ.. پلانێکی گەورە لە ریال مەدریدەوە
دوای دۆڕانی لە کلاسیکۆدا و تێپەڕکردنی وەرزێکی سفری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، یانەکە بڕیاری گۆڕانکاریی گەورەی داوە و لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی لالیگا، یانەکە دەست بە گۆڕانکارییەکانی دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ یانەی ریال مەدرید بڕیاری دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە کارەکەی لە دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی لالیگا بدات و لە شوێنی ئەو چابی ئەلۆنسۆ دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەی شاهانە. ریال مەدرید هەموو شتێکی لەگەڵ ئەلۆنسۆ تەواوکردووە و یانەکە متمانەی بەوە هەیە کە لە مۆندیالی یانەکانیشدا ئەو راهێنەرە سەرپەرشتی تیپەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە میدیای ئیسپانیا دەڵێت "بەر لە چوونی بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکاندا، ریال مەدرید گرێبەستی ئارنۆڵد رادەگەیێنێت، گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارێکی دڵی بەرگری و بەرگریکارێکی باڵی چەپیش واژۆ دەکات."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئامانجەکانی ریال مەدرید لە گواستنەوەی هاوینەدا، گرێبەستکردنە لەگەڵ ویلیام سالیبا، بەرگریکاری یانەی ئارسیناڵ و گرنگی بە گواستنەوەی دەدات، بەڵام گانەرز زەحمەتە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی لە گواستنەوەی یاریزانەکەشدا یانەی شاهانە ئەگەری هەیە پەنابباتە بەر گواستنەوەی جۆناتان تا، بەرگریکاری ئەڵمانیی یانەی بایرلیڤەرکوزن کە ئەویشیان لە گواستنەوەی هاوینەدا لە یانەکە دەڕوات.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی یانەی ریال مەدرید، گواستنەوەی تیۆ هێرناندێز، بەرگریکاری یانەی ئەیسی میلانە کە پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو و یانەکە دەیەوێت بە گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە هێڵی بەرگریی یانەکەی بەهێزتر بکات. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد رۆیشتنی لە یانەی لیڤەرپوول راگەیاندووە و ئەو یاریزانەش پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەنچێلۆتی، لە گواستنەوەی هاوینی رابردوو و زستانی رابردووشدا داوای گۆڕانکاریی کردووە، بەڵام پێرێز گوێی نەداوەتە داواکارییەکانی. دوای رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچێلۆتی، دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل و بە ئەگەری زۆرەوە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، رۆژی 1-6-2025 چابی ئەلۆنسۆ وەکو راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید دەستبەکاردەبێت و یانەی شاهانە متمانەی زۆری بەو راهێنەرە هەیە بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەکە بکات. گرێبەستی ئەلۆنسۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت و یانەی شاهانە تاوەکو 2028 گرێبەست لەگەڵ راهێنەرەکە رادەگەیێنێت.
دوای دۆڕانی لە یاریی کلاسیکۆی لالیگادا لە گەڕی 35ـی خولەکەدا بەرامبەر بارسێلۆنا، میدیای نزیک لە ریال مەدرید دەڵێت "بەرپرسانی یانەکە و فلۆرێنتینۆ پێرێز، بەو شێوەیە سەیری وەرزەکە دەکەن، کە ئەمە کۆتاییهاتنی سەردەمێکی خراپ و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ دەبێت لە ریال مەدرید."
هەر بەپێی میدیای ئیسپانیا، پێرێز بڕیاریداوە دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، لەوانەش لوکاس ڤاسکێز، خیسۆس ڤایێخۆ و ئەگەری هەیە هەریەکە لە ئورلیێن چوامینی و رۆدریگۆ گۆسیش لە یانەکە بڕۆن، بەڵام یەکلاکردنەوەی داهاتووی ئەو یاریزانانە لەسەر بڕیاری ئەلۆنسۆ دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو