مانگی 4 عێراق 91 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە؛ 211 هەزاری لە کەرکووک بووە

عێراق لە مانگی نیساندا زیاتر لە 91 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە هەناردە کردووە، کە زیاتر لە 211 هەزار بەرمیلیان لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووک بە تەنکەر هەناردەى ئوردن کراوە.

ئارەی 12, 2025 - 11:57
مانگی 4 عێراق 91 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە؛ 211 هەزاری لە کەرکووک بووە

بەگوێرەى ئامارێک کە رووداو لە بەشى گواستنەوەى دەریایی و وشکانیى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) شیکاریی بۆ کردووە، لە نیساندا 21 رۆژ نەوت لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە هەناردە کراوە. تێکڕاى نەوتى هەناردەکراوى عێراق لەو ماوەیەدا 91 ملیۆن و 275 هەزارو 696 بەرمیل بووە.

 بەگوێرەى ئەو ئامارە، عێراق 21 رۆژ نەوتى لە رێگەى بەندەرى بەسرە بارکردووە بۆ هەناردەکردن، 20 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە جۆرى قورس و ئەوى دیکەى مامناوەند بووە.

 لەو نەوتەی هەناردە کراوە، 19 ملیۆن و 605 هەزار و 696 بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارە بووە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، کە بە تەنکەر گوێزراوەتەوە بۆ بەندەرى خۆر زوبێر و لەوێوە هەناردە کراوە. هەروەها 211 هەزار و 767 بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بە تانکەر هەناردەی ئوردن کراوە.

 بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان عێراق و ئوردن، نرخى هەر بەرمیلێکى نزیکەى 16 دۆلار لە نرخى بازاڕ کەمترە. نەوتى هەناردەکراوى عێراق لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە بە رێگەى وشکانى بۆ ئوردن، 91 ملیۆن و 487 هەزار و 463 بەرمیل نەوت بووە، کە رۆژانە دەکاتە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت.

 بەگوێرەى یاسای بودجەى عێراق، دەبێت رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ پارەدارکردنى بودجەکەى، کە زیاتر لە 200 تریلیۆن دینارە.

سەرچاوە: ڕووداو