نێچیرڤان بارزانی: کوردستان بۆ هەموومان هەر دەمێنێتەوە وڵاتی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان 2 کاژێر لهمهوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی 32ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی رۆشنبیریی لالش، پیرۆزبایی لە کوردانی ئێزدی دەکات و جەخت لە بەردەوامیی پشتگیرییەکانی بۆ ناوەندەکە دەکاتەوە.

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 بڵاوکراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ساڵیادی 32 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی بنکەی لالشی رۆشنبیری بە گەرمی لە هەموو خوشک و برایانی ئێزدی پیرۆز دەکەم. کار و خزمەت و بەرهەمی بنکەی لالش بە رێز و پێزانینەوە دەنرخێنم. دەستخۆشی لە تیمی بەڕێوەبەران و هەموو کارمەندانی بنکەکە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، وەکو هەمیشە هاوکار دەبێت بۆئەوەی ناوەندی لالش بەردەوام بێت، "وەکو کانییەکی روون کە دەڕژێتە ناو رووباری رۆشنبیریی کوردییەوە، خزمەتێکی باشتری رۆشنبیریی کوردی و بەتایبەتی ئێزدیاتی بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کوردانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانی دڵنیا کردەوە، "هەمیشە پشتگیریکار و پارێزەری مافەکانیان دەبم و کوردستان بۆ هەموومان هەر بە وڵاتی فرەڕەنگی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە."
سەرچاوە: ڕووداو