وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەم شەپۆلەی بارانبارینە مەترسییەکانی وشکەساڵی کەم دەکاتەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی لە شار و شارۆچکەکان باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، ئەم بارانە کاریگەری باشی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی.

شوبات 20, 2025 - 16:15
وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەم شەپۆلەی بارانبارینە مەترسییەکانی وشکەساڵی کەم دەکاتەوە

لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەی گەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسێک دەڵێت، لە هەموو شارەکان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی. کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت ئەمڕۆ پێنجشەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە درێژایی ئەمڕۆ ئاسمان هەور و باراناوی دەبێت، لەگەڵ بەفربارین لەناوچە شاخاوییەکاندا". کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی 6 پلە دابەزیوە و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ زیاتر لە دوو پلە دادەبەزێت. لە راگەیێندراوەکەی کەشناسیدا هاتووە، "سبەی ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەفربارین لە زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان. هەروەها نمەباران لەناوچە جیاجیاکاندا دەبارێت؛ دوای نیوەڕۆ کاریگەری دابارین لاواز دەبێت". کەشناسێک: نزمترین پلەی گەرما لەم هەفتەیە دەگاتە 25 پلە ژێر سفر محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەم شەپۆلە نیوەڕۆی سبەی کۆتایی دێت و دوو سبەی 22ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفریش لە بەشێکی شارەکان دەبارێت. بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، شەوی 23 لەسەر 24ـی ئەم مانگە، لەنێو سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان لەوانە سۆران، پێنجوێن، پیرمام و ئامێدی بەفر دەبارێت. گوتیشی: "لەنێو سەنتەری دهۆک کڕێوە دەبێت و لە هەولێر بەفر نابارێت". محەممەد کەمال ئاماژەی بە دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما کرد و گوتی: "شەوی 24 لەسەر 25ـی ئەم مانگە پلەی گەرما دەگاتە نزمترین ئاست و لە هەولێر 7 پلە ژێر سفر دەبێت؛ سلێمانی 14 ژێر سفر، دهۆک هەشت پلە ژێر سفر، کەرکووک یەک پلە ژێر سفر و لە هەڵەبجە 12 پلە ژێر سفر تۆمار دەکرێت. هاوکات لە باڵەکایەتی 25 پلە ژێر سفر و پێنجوێن و ئامێدی 19 پلەی ژێر سفر تۆمار دەکەن". وەزارەتی کشتوکاڵ: سەرنجمان لەسەر کۆکردنەوەی ئاوە بۆ وەرزی هاوین هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاوەڕوانیمان ئەوەیە جگە لە ئەمڕۆ و سبەی بارانی باشتر ببارێت؛ بێگومان ئەم شەپۆلەی بارانبارین کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی". گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "کاتی بارانبارین ماوە و پێشبینی دەکەین بڕی پێویست ببارێت و قەرەبووی کەمبارانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بکاتەوە". هیوا عەلی گوتیشی، ئێستا سەرنجی وەزارەتەکەیان لەسەر چۆنێتی گلدانەوەی ئاو و پاراستنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و ئاوی بەنداوەکانە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکانی بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما ببنەوە. گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت هاوینی داهاتوو یەکێک بێ لە گەرمترین ساڵەکان". بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمێشوەیە دەبێت: هەولێر: 10 پلەی سیلیزی سلێمانی: 7 پلەی سیلیزی دهۆک: 7 پلەی سیلیزی کەرکووک: 12 پلەی سیلیزی زاخۆ: 8 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: -4 پلەی سیلیزی سۆران: 5 پلەی سیلیزی گەرمیان: 12 پلەی سیلیزی سەرچاوە: ڕووداو