سرری سورەیا ئۆندەر: پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن بۆ ئاشتی

سرری سورەییا ئۆندەر لەبارەی دیدارەکانیان وەکو شاندی ئیمراڵی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشتیوانی هەبوون و وردەکارییەکانیش بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگەیەنن.

شوبات 20, 2025 - 16:17
سرری سورەیا ئۆندەر: پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن بۆ ئاشتی

دوای دیدارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 20-2-2025 سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (فراکسیۆنی دەم پارتی)، رایگەیاند، پێشوازیی گەرم و جۆش و خرۆشیان لە تەواوی ئەو پارت، دامەزراوە و کەسایەتییانە بینیوە کە لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە. ئۆندەر هەروەها رایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز و بۆچوونیان وەرگرتووە کە زۆر گرنگن بۆ ئاشتی و گوتی:"تەواوی ئەو پێشنیاز و بۆچوونانە بە بەڕێز ئۆجەلان و لایەنی بەرامبەر دەگەیەنین. زیاتر هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلانمان گەیاند. هەروەها پرسیارەکانیشمان گەیاند و هەوڵماندا وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانیش بدەینەوە". ئۆندەر باسی لەوەش کرد، بابەتی یەکێتیی نەتەوەییش یەکێک لەو تەوەرانە بووە کە لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ کراوە و هەوڵیشیان داوە فراوانترین زەمینە بۆ کارکردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی بڕەخسێنن. بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی:"تەواوی ئەوانەی دیدارمان لەگەڵیاندا سازکرد بەهایەکی گەورەیان بەو پەیام و بانگەوازانە دا، بەڕاستی ئەمە هەم جێی شانازییە و هەمیش هیوا". ئۆندەر هەروەها باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا پشتگیریی باشیان بینیوە و چەندین وردەکاریی دیکەش هەن کە شاندی ئیمراڵی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان باسی دەکەن. شاندی دەم پارتی ئیمراڵی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و پارێزەرانی ئۆجەلان، رۆژی 15-2-2025 گەیشتنە هەرێمی کوردستان. دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گەڕانەوە بۆ ئەنقەرە.

سەرچاوە: ڕووداو