پشوومان نەبێت، یاری ناکەین! ئەنچێلۆتی هۆشداری دەداتە لالیگا
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید رەخنەی توند لە لالیگا دەگرێت, بەهۆی ئەوەی خشتەی یارییەکانی زۆر لەیەکەوە نزیکە و دەڵێت خولەکە کاتێکی پێویست نادات بۆ ئەوەی یاریزانەکان پشوو بدەن و توانای جەستەییان ئاسایی ببێتەوە.

ئەو خولەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی پارە و مافەکانی تەلەفزیۆنی لە پێشینەی کارەکانیاندا داناوە بەسەر خۆشگوزەرانی یاریزاناندا، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانان هەیە و مەترسی پێکانیان زیاد دەکات. بێزارییەکەی کارلۆ دوای بردنەوەی ریال مەدرید دێت بەرامبەر ڤیاڕیال کە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە و کیلیان ئێمباپێ هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد.
سەرەڕای بردنەوەکە، ئەنچێلۆتی لە خشتەی یارییەکە نارازییە، چونکە تیپەکەی کەمتر لە 72 کاتژمێری هەبووە و یاریزانەکانی ماندوون. ئەنچێلۆتی بە توندی دەڵێت: ئەمە دواجارە یاری دەکەین بەبێ ئەوەی لانیکەم 72 کاتژمێر پشوو بدەین. دووجار داوای گۆرینی خشتەی یارییەکانمان کردووە، بەڵام کارگێڕی لالیگا رەتیدەکاتەوە، یاریزانەکان پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بگەن بە باشترین توانای جەستەیی.
کارلۆ باسی خولەکە دەکات و دەڵێت لای بەڕێوەبورانی لالیگا پارە و گرێبەستە تەلەفزیۆنییەکانیان هەمیشە لە پێش هەموو شتێکەوەن. لێدوانەکانی ئەنچێلۆتی تیشک دەخاتە سەر پرسێکی درێژخایەن لە تۆپی پێدا سەبارەت بە ئەنجامدانی یاری زۆر لە ماوەیەکی کەمدا. زۆرێک لە یانەکان بە تایبەت ئەوانەی لە چەندین پاڵەوانێتیدا بەشداری دەکەن، کێشەیان هەیە لە بەرێوەبردنی خشتەکانیان.
ناگونجانی خشتەی یارییەکان دەبێتە هۆی ماندوێتی و ئەگەری زیاتری پێکان و دابەزینی ئاستی ئاریزان. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا یانەی ریال مەدرید رێوشوێنی فەرمی دەگرێتەبەر بە پەیوەندیکردن بە فیفا. یانەکە داوای مامەڵەی دادپەروەرانە دەکات لە یارییەکانی داهاتوودا. هەروەها کەناڵی میدیایی فەرمی یانەی ریال مەدرید رەخنە لە خافیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا دەگرێت و دەڵێت "رێگە بەو پێشێلکارییەی تێباس لیگ نادرێت". لە بەیاننامەکەدا راستەوخۆ لالیگا تۆمەتبار کراوە بەوەی کە خشتەی یارییەکان بە هەڵە بەڕێوەدەبەن و باری یاریزانەکانیان پشتگوێ خستووە.
پرسی زۆری یارییەکان بەردەوامە لە گەشەکردن و پێشبینی دەکرێت لە وەرزی 2024-2025دا ببێتە کێشەیەکی گەورەتر. جامی جیهانی یانەکانی فیفا فراوانتر دەبێت و 32 تیپ بەشداری تێدا دەکەن. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی یارییەکان، یانەکان و یاریزانەکان نیگەرانن لەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بارەدۆخی ئەم هەموو یارییە بکەن. ئەم دۆخە پرسیاری گرنگ لەبارەی هاوسەنگی نێوان بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و توانای جەستەیی یاریزانەکان دەوروژێنێت.
لە کاتێکدا تۆپی پێ بازرگانییەکی جیهانییە کە پشت بە گرێبەستی پەخشکردن و سپۆنسەر دەبەستێت، بەڵام سەلامەتی یاریزانانیش پێویستە لە پێشینەی کارەکان بێت. زۆرێک لە یاریزانان و راهێنەران بەردەوامن لە لێدوان لەسەر پێویستی باشترکردنی خشتەی یارییەکان بۆ رێگریکردن لە پێکان و باشتر ئامادەبوون بۆ یارییەکان.
کاردانەوە توندەکانی ئەنچێلۆتی و کردەوەکانی ریال مەدرید فشاریان خستۆتەسەر بەڕێوەبەرانی لالیگا بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکەن بۆ خشتەی یارییەکان. ئەگەر یانەکانی تریش نیگەرانی هاوشێوە بخەنە روو، ئەوا رەنگە دەزگاکانی بەرێوەبردنی تۆپی پێ ناچار بکات هەنگاو بنێن بۆ هەوسەنگکردنەوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و توانای جەستەیی یاریزانان.
سەرچاوە: ڕووداو