راوێژکارێکی سوودانی: ئەگەر زۆرە پێش جەژن ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی بودجە پەسند بکات

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەگەر زۆرە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێش جەژنی رەمەزان خشتەی بودجە پەسند بکات.

ئازاری 16, 2025 - 11:15
راوێژکارێکی سوودانی: ئەگەر زۆرە پێش جەژن ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی بودجە پەسند بکات

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 16-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئەگەرێکی زۆر پێش جەژنی رەمەزان خشتەی یاسای بودجەی 2025 پەسند دەکات و دەینێرێتە پەرلەمان.

مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت، بەکاربردن نزیکەی 67٪ بۆ 70٪ـی کۆی قەبارەی خەرجییە گشتییەکانی یاسای بودجە پێکدەهێنێت کە لە مووچە، دەرماڵە، خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە.

 راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، قەبارەی بودجەکە نزیکەی 200 تریلیۆن دینارە و نزیکەی 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانی دەبێت. عێراق خاوەنی بودجەی سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025ـە و دەبێت ساڵانە خشتەی بودجەکەی بنێرێتە پەرلەمان.

 لە 03-06-2025 پەرلەمانی عێراق خشتەی بودجەی 2024ـی پەسند کرد. بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار بوو کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بوو.

سەرچاوە: ڕووداو