بارسێلۆنا میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و لووتکەی لالیگا دەکەن
لە یارییەکی لووتکە و پڕ رکابەریدا، ئەمشەو هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەکەن.

لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 28ـی لالیگادا هەردوو یانە لەسەر یاریگەی سیفیتاس میترۆپۆلیتانۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دەکەن. ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای ماڵئاواییکردنی لە چامپیۆنزلیگ دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی لالیگا بکات و لە رکابەریکردنی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەردەوامبێت، بارساش چاوی لە بەهێزکردنی شوێنەکەیەتی لە ریزبەندی خولەکەدا.
رۆخی بلانکۆس لە دوایین دوو یارییدا بەشێوەیەکی زۆر بەهێز لە بەرامبەر بارسێلۆنا دەرکەوتووە، لە لالیگادا لێی بردووەتەوە و لە جامی شادا لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتاییدا یەکسانبوون، ئەمڕۆ دەیەوێت سێ خاڵ لەو یانەیە وەربگرێت بۆ ئەوەی پێش یانەکە بکەوێت، ئەگەر بە کاتیش بێت. هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە گوتی "ئەوان تیپێکی ناوازەیان هەیە. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بەیانزە یاریزان یان زیاترەوە نییە. بەڵکو ئەوان زۆر زۆر باشن. بەبڕوای من ئەوە کێشە نییە، چونکە ئەوان توانایەکی جەستەیی بەرزیان هەیە. یاریزانی بەئەزموونی گەورەیان و هەیە و پێموانییە هیچ کێشەیەکیان هەبێت."
راهێنەری بارسا لەبارەی ئەوە دەتوانن لە ئاتلێتیکۆ مەدرید ببەنەوە لە کاتێکدا ئەو رکابەری راستەوخۆتانە؟ گوتی "من هەموو کات لەبارەی یانەکانی خولی ئیسپانیاوە هەمان قسە دەکەم. ئەوان تۆپی پێیەکی سەرنجڕاکێش پێشکێش دەکەن. بردنەوە لێیان ئاسان نییە، چونکە نایابن. بەڵام ئەمە بۆ ئێمە باشە کە ئەوان لەو دۆخەدان، چونکە ئێمە لە دۆخێکی ناوازەداین. ئاستمان باشە و تەنانەت نایابە. ئەگەر چاومان لەسەر یارییەکە بێت و هەر یاریزانێکمان باشترینی خۆی پێشکێش بکات، پێموایە توانای گەورەمان هەیە لە تیپەکەدا بۆ بردنەوە و تاوەکو ئێستاش هەرئەوەمان بینیووە."
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "هەست بە نا دادپەروەرییەکی زۆر دەکەم، بەڵام تاکە شتێک کە دەتوانم بیکەم ئەوەیە کە هەمیشە کاربکەم بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان."
سەرچاوە: ڕووداو