تەرزە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت

پسپۆڕێکی کشتوکاڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، تەرزەی 24 کاژێری رابردوو "زیانی زۆر"ـی بە بەرهەمی کشتوکاڵی گەیاندووە، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی کاتی پێگەیشتنیان نزیکە. بەرپرسانی بەرگریی شارستانیش دەڵێن، کەس ئەوانی لە هەبوونی زیان ئاگادارنەکردووەتەوە.

ئارەی 5, 2025 - 13:44
تەرزە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت

لوقمان موفتی، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرزە زیانی بە زۆرینەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە، بەتایبەت لە سنووری رواندز، باڵەکایەتی، هەڵەبجە، شارەزوور و خۆشناوەتی". بە گوتەی لوقمان موفتی، "لە هەموو ئەو سنوورەی تەرزە باریوە، زیان بە بەرهەمی کشتوکاڵی گەیشتووە؛ زیانەکە بە گوێرەی بڕی تەرزەکە بووە".

 لەبارەی ئەو بەرهەمانەی بەهۆی تەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەو پسپۆڕەی کشتوکاڵ گوتی: "ئەوانەی باخیان هەیە زیان بە بەرهەمی قۆخ، هەڵوژە و هەموو ئەو میوانە گەیشتووە لە قۆناخی پێگەیشتندان؛ هاوکات زیانی زۆر بە تەماتە، خەیار و پەتاتە گەیشتووە".

 لە هەندێک ناوچە دەنگۆی ئەوە هەیە کە بارینی تەرزەی 24 کاژێری رابردوو زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیاندبێت، بەڵام لایەنی بەرگریی شارستانی دەڵێ، هیچ زیانێک لای ئەوان تۆمار نەکراوە.

 شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رۆژی دووشەممە بە رووداوی گوت: "هیچ زیانێک بەهۆی تەرزەوە لای ئێمە تۆمارنەکراوە".

 هاوکات ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، کەس بۆ تۆمارکردنی زیان پەیوەندی پێوە نەکردوون.

 هەریەکە لە رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران و زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رووداویان گوت، بەهۆی تەرزەوە هیچ زیانێکیان تۆمار نەکردووە.

سەرچاوە: ڕووداو