بەغدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر رێڕەوى دەروازەى کۆتایی رێگەى گەشەپێدان دیاری دەکات
نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی وەزاری پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنی رێڕەو و خاڵی پەڕینەوەى تایبەت بە دەروازەى کۆتایی رێگەى گەشەپێدان، ئەو کارەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە، 23ى تەمووزى 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی کرد، کە وەزیری گواستنەوە، سەرۆکی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکاران و نوێنەری کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمەن- راوێژکاری پڕۆژەکە ئامادە بوون.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی دەروازەی کۆتایی رێگەی گەشەپێدان کراوە کە عێراق بە تورکیاوە دەبەستێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی وەزاری پێکهێندرا بۆ دیاریکردنی رێڕەو و خاڵی پەڕینەوەکە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسڕە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا.
سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان راسپارد، کە کارەکانیان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی قۆناخی یەکەمی ڕێگەی گەشەپێدان لە مانگەکانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، هاوکات وەزارەتی پلاندانانی راسپارد کە بەشێکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پێکبهێنێت و هەموو پێداویستییەکانی دابین بکات.
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت و تێچووى 17 ملیار دۆلارە، دوو هێڵى ئاسن و وشکانییە بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیار، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.
نووسینگەى سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەداوە، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە کراوە کە پەیوەستن بە بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو ئاستەنگانەی کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەکە هەیە، وەک ناوچە شوێنەوارییەکان، کێڵگە مینڕێژکراوەکان، هەروەها بابەتی بەناوکردنى زەوییە گشتی و تایبەتەکان.
سەرچاوە: ڕووداو