سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ رووداو: رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو بوون

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە پارە بۆ مووچەی مانگی پێنج نەنێردراوە. راشیگەیاند: "هەموو رێکارەکان تەواو کراون، سبەی پارەکە دەنێردرێت و رۆژانی دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".

تەمووزی 23, 2025 - 20:19
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ رووداو: رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو بوون

رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێ شەوەوە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان چووبوونە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارەکانی ناردنی مووچە، خەرجی، داهات و مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتری".

لە وەزارەتی دارایی عێراقیش سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، کاژێر چواری ئەمڕۆ لەبەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تەواوکران و نێردراوەتە بەشی ناردن.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، سبەی پێنجشەممە لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام، بەشی ناردنی لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئاگادار دەکاتەوە مووچە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

 لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەیش، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "سبەی دوای گەیشتنی پارەکە، لیستی مووچە رادەگەیێندرێت و هەوڵدەدەین رۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممە لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین".

دوێنێ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرج کرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت".

 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوێنێ سێشەممە رایگەیاند،120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی، خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.