حکومەت: پابەندییەکانمان جێبەجێ کردووە و لیستی مووچەی پەسندکراوی مانگی ئایار و حوزەیرانمان رەوانە کردووە
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پابەندییەکانیان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و 120 ملیار دیناریان بە کاش ناردووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

رۆژی چوارشەممە، 23-07-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە."
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها رێککەوتننامەیەکی گرنگ بۆ ئاسانکاریی بازرگانی و یەکخستنی پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆری لەگەڵ بەغدا پەسەند کرا.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە "بواری داهاتی نانەوتیدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی. هاوکات لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی بە وردبینیکراوی رەوانە کردووە و تەواوی داتاکانی داهات و خەرجی بەشێوەیەکی شەفاف خستووەتە بەردەم تیمەکانی چاودێریی دارایی.
" لەبارەی بە دۆسیەی نەوت لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پڕۆتۆکۆڵی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. ئەنجوومەنی وەزیران هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتیشی گەڕاندەوە بۆ هێرشە درۆنییە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان".
لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "دەستبەجێ" مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت و رایگەیاند: "مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێبەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بیانوویەک ئەم مافە پێشێل بکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران رێککەوتننامەیەکی نێوان هەردوو حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی لە بواری کۆنتڕۆڵی جۆری پەسەند کرد. بەپێی ئەم رێککەوتنە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل لەلایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی کاریان پێدەکرێت و رێکارەکان یەکدەخرێن.
ئەم بڕیارە "رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی جووڵەی بازرگانی و کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی بازرگانان و هاوردەکاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و باقی عێراق دەبوونەوە."
لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بە شێوەیەکی "بەرپرسانە" کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی "زانیاری ناڕاست و چەواشەکاری".
سەرچاوە: ڕووداو