بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەم ساڵ زۆرترین بنەتۆو لە سلێمانی دابەش دەکرێت، پاشان هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ 3 هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆو بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدەینە جووتیاران".
ئەو بنەتۆوەی لە هەولێر دابەش دەکرێت بەرهەمی نێوخۆی پارێزگای هەولێرە و هەر تۆنێکی بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە 450 هەزار دینار دەدرێتە جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "ئەم ساڵ بنەتۆو بە هەمان نرخ دەدەینە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەوانمان لە یاد نەکردووە، بنەتۆوەکە هەر تۆنێکی 990 هەزار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە".
هەر دۆنمێک 40 کیلۆ گەنمی بنەتۆوی پێویستە. هێمن سەید موراد گوتی: "هەر جووتیارێک زەوی شایستەی بۆ گەنم هەبێت دەتوانێت داوای بنەوتۆو بکات".
پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ لە کڕینەوەی چوار هەزار تۆن گەنم بۆ بنەتۆو، دوای پاککردنەوە و ئامادەکردنی نزیکەی 3 هەزار و 700 تۆن بنەتۆوی لێ ئامادەکرا و دابەشکردنمان دەستپێکردووە".
بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە سلێمانی گوتی: "بنەتۆو کەمە و بەشی هەموو جووتیاران ناکات، بەڵام بەشێکی جووتیارانیش خۆیاین نایانەوێت و ساڵانە لە بەرهەمی خۆیان بنەتۆو هەڵدەگرن".
بە گوتەی پشتیوان حەمەعەلی، لە پێدانی پێدانی بنەتۆودا جووتیارانی نموونەیی، ئەو جووتیارانەی ساڵی پێشوو زەوییەکەیان نەکردووە بە گەنم و ئەوانەی زەوییەکەیان بەرئاوە لە پێشینەن.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ 2 هەزار و 320 تۆن گەنمی بنەتۆو بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدەینە جووتیاران".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک لەبارەی جۆری بنەتۆوەکان ئاماژەی بەوە دا: "دوو جۆر بنەتۆو دابەش دەکەین، یەکێکیان ناوی باوەڕپێکراوە و تۆنی 450 هەزار دینارە، ئەوی دیکەش تۆمارکراوە و تۆنی بە 490 هەزار دینارە؛ هەردووکیان بەرهەمی سنووری خۆمانن".
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ 222 تەن بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکەین".
لە هەڵەبجەش نرخی گەنمی بنەتۆو هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە.
جگە لەو بنەتۆوەی دابەش دەکرێت، بەشێکی جووتیاران لە بەرهەمی ساڵی پێشوویان بنەتۆو ئامادە دەکەن و بەشەکەی دیکەش لە بازاڕەکاندا دەیکڕن، کە بنەتۆوی هاوردەیە.