فڕۆکەخانەی کەرکووک: تورکیش ئێرلاینز گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە
بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایدەگەیێنن، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە راگیرابوون.

هەردی سەمەد شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 07-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینز بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستپێبکەنەوە."
گەشتەکانی ئەو هێڵە ئاسمانییە لە دوای گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە راگیراون و تاوەکو ئێستا دەستیان پێنەکردووەتەوە.
بە گوتەی هەردی سەمەد، پێش راگرتنیان، ئەو هێڵە ئاسمانییە هەفتانە 8 گەشتی هاتن و چوونی بۆ کەرکووک هەبووە، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە 16گەشت بەم شێوەیە:
ئیستەنبووڵ - کەرکووک: 4 گەشتی هەفتانە (هاتن و چوون)
ئەنقەرە - کەرکووک: 4 گەشتی هەفتانە (هاتن و چوون) .
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی ئەوکاتەی عێراق کرایەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
سەرچاوە: ڕووداو