عێراق رەنگی واژۆی بەرپرسانی دیاری کرد؛ سووری تۆخ بۆ باڵاترینەکانە
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا، رەنگی ئەو پێنووسانەی دیاری کردووە کە دەبێت بەرپرسانی باڵا و فەرمانبەرانی حکومەت بۆ واژۆکردنی نووسراوە فەرمییەکان بەکاریبهێنن، بە جۆرێک رەنگی سووری تۆخ بۆ چوارە سەرۆکایەتییەکە و رەنگی شین بۆ فەرمانبەرانی ئاساییە.

بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 29-07-2025 دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، فەرمانەکەی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت، پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە.
رەنگەکان بەگوێرەی پلە و پۆستی بەرپرسان بەمشێوەیە دابەش کراون:
یەکەم: رەنگی سووری تۆخ؛ تەرخانکراوە بۆ واژۆی هەر یەک لە:
سەرۆککۆمار
سەرۆکوەزیران
سەرۆکی پەرلەمان
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی
دووەم: رەنگی سووری کاڵ؛ بۆ واژۆی:
جێگرانی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان
وەزیر و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن
پارێزگارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنەکان
سێیەم: رەنگی سەوز؛ بۆ واژۆی:
بریکارانی وەزارەتەکان و ئەوانەی بە پلەی بریکارن
خاوەن پلە تایبەتەکان
بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکی دەستەکان
سەرۆکی یەکێتی، سەندیکا و رێکخراوە ناحکومییەکان
چوارەم: رەنگی رەش؛ تەنیا بۆ واژۆکردنی:
پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان (بەگوێرەی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2015)
یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن
پێنجەم: رەنگی شین؛ بۆ واژۆی:
سەرجەم فەرمانبەران، لە پلەی یاریدەدەری بەڕێوەبەرەوە بۆ خوارەوە.
سەرچاوە: ڕووداو