بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هەناردەکردنی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق 35% زیادیکردووە

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هەناردەکردنی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق نزیکەی 35% زیادیکردووە.

ئاب 7, 2025 - 10:44
بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هەناردەکردنی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق 35% زیادیکردووە

رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی چلەی ئیمامی حوسێنەوە خەڵکێکی زۆر روو لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکەن، بۆیە ئاژەڵی کوردستان زیاتر خواستی لەسەر دەبێت و هەناردەکردنی بەرز دەبێتەوە".

 لە 01ـی ئابەوە زیارەتکارانی ئێران لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دەڵێت: "رۆژانی ئاسایی نزیکەی سێ هەزار ئاژەڵ بە هەموو جۆرەکانییەوە هەناردەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق دەکرێن، بەڵام ئێستا لە مەیدانی هەولێر و دەرەوەی مەیدانیش رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار ئاژەڵ هەناردە دەکرێن، واتە هەناردە نزیکەی 35% زیادیکردووە".

 هاوکات محێدین خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی بازرگانیی مەیدان ئاساییە و بەراورد بە مانگەکانی رابردوو زیادیکردووە و پێشبینی دەکەم باشتر ببێت".

 بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەیدانی ئاژەڵان، رۆژانە تەنیا لە مەیدانەکەدا نزیکەی سێ هەزار ئاژەڵ هەناردە دەکرێت، کە هەموو جۆرە ئاژەڵەکان دەگرێتەوە.

لەبارەی نرخی ئێستای ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، محێدین خەیلانی گوتی: "کاوڕ بە زیندەقەپان کیلۆی بە 7 هەزار دینارە، گۆلک (گوێرەکە) کیلۆی بە 6 هەزار دینارە، مەڕ و بزن کیلۆیان بە پێنج هەزار دینارە و بەرخ کیلۆی بە 8 هەزار دینارە".

ئیمام حوسێن کوڕی ئیمامی عەلی و سێیەمین ئیمامی شیعەکانە؛ ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمانەی لە کەربەلا بەڕێوە دەچن، روو لە عێراق دەکەن.

 ساڵانە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن ئێرانیش بۆ هەمان مەبەست سەردانی عێراق دەکەن.

سەرچاوە: ڕووداو