بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسنک دەستپێدەکاتەوە

کۆمپانیای شاماران راپۆرتی دارایی چارەکی دووەمی خۆی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: لە بلۆکی ئەتروش بە تەواوی تواناوە دەستمان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە، بەڵام لە سەرسنک بە نیوەی تواناوە دەستمان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە.

ئاب 7, 2025 - 10:42
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسنک دەستپێدەکاتەوە

لەبارەی زیانەکانەوە ئەو کۆمپانیایە دەڵێت: "لە کێڵگەی سەرسنک سێ کۆگای نەوت و بۆرییەکانیان زیانیان بەرکەوتووە. تاوەکو کۆتایی مانگی 10 بەهۆی زیانەکان ناتوانین بە تەواوی توانا، نەوت لە سەرسنک بەرهەمبهێنین."

کۆمپانیای HKN دوای راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و "کاتێک لە سەلامەتیی دۆخەکە دڵنیابووەوە"، دەستی بە بەرهەمهێنان لە هەردوو بلۆکی سەرسنک و ئەتروش کردووەتەوە.

 کۆمپانیای شاماران لە کێلگەکانی سەرسنک و ئەتروش هاوبەشی کۆمپانیای ئەمریکی ( ئێچ کەی ئێن)ـە و ئێچ کەی ئێن کارکەرە لەو دوو کێڵگەیە نەوت بەرهەمدەهێنێت.

کۆمپانیای شاماران لە کێڵگەی ئەتروش 50٪ـی پشکەکانی بەرژەوەندیی بەدەستەوەیە و لە کێڵگەی سەرسنکیش خاوەی 18٪ـی پشکەکانە.

سەرچاوە: ڕووداو